رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، پێدانی ئاو لە گەڕەکەکانی شارەکە دەبێتە سێ رۆژ جارێک. ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێ پەمپی نوێ دەخرێنە کار و بە تەواوی گرفتی ئاوی ئەو گەڕەکانە چارەسەر دەبێت کە شەش رۆژ یان حەوت رۆژ جارێک ئاویان پێدەگەیشت." بەپێی قسەکانی ئامانج جەلال، دۆخی ئاوی ئەو گەڕەکانە ئاسایی دەبێتەوە و سێ رۆژ جارێک ئاویان پێدەگات، یاخود "لە خراپترین دۆخدا چوار رۆژ جارێک ئاویان دەبێت." ئەو سێ پەمپە نوێیە، بڕی بەردانەوەی ئاو بۆ سلێمانی زیاد دەکەن. ئامانج جەلال دەڵێت: "بۆ هەر کاژێرێک، نزیکەی سێ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی زیاد دەکات." ئامانج جەلال گوتی: "دوای 19 کاژێر کارکردنی بێ وەستانی تیمەکانمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانرا بۆرییە شکاوەکەی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی چاکبکرێتەوە." گوتەبێژی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بە ناردنی ئاو کراوەتەوە لە دووکانەوە بۆ سلێمانی و ئاو دەگاتەوە گەڕەکی قرگە و گەڕەکەکانی دیکەی وەک کوردسات و ئەوانەی دیکە کە ئاویان لەسەر هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانییە. قسەکانی ئامانج جەلال ئەمڕۆ یەکشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 11ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد. لەبارەی ئەو گەڕەکانەی تۆڕی ئاویان نییە، ئامانج جەلال گوتی: "لە 15%ـی گەڕەکەکانی سلێمانی تۆڕی ئاویان نییە، کە گەڕەکە تازەکانن و چوونەتە ناو ماستەرپلانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە، یان ئەو گەڕەکانەن کە بەردەوام لە فراوانبووندان." بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، لە رێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ بەشێک لەو گەڕەکانە دابین دەکات. ئامانج جەلال دەڵێت: "چوار هەزار ماڵ لە رێگەی تانکەرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت و ئەوەندە ئاویان پێدەدرێت کە بەشیان بکات تاوەکو جارێکی دیکە ئاویان پێدەدرێتەوە." نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای زیاتر لە 19 کاژێر کارکردنی بەردەوام، توانرا کاری چاککردنی بۆری هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی تەواو بکرێت." بۆری ئاوی دووکان - سلێمانی بەرەبەیانی دوێنێ 8ـی ئاب شکا. بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بێئاو دەبن، لەوانەش ئیبراهیم ئەحمەد، سێتوان، کانی با، کازیوە و کۆمپانیاکانی نەوزاد.