رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گەڕەکی چوارچرا لە شاری سلێمانی ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دواکەوتنی ئاوی تانکەرەکان دەردەبڕن. بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی هۆکاری دواکەوتنی تانکەرەکان بووە. رەهێڵ، کە هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی چوارچرایە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین کێشەکانیان دەستپێدەکاتەوە. ئەو دەڵێت: "جگە لەوەی تۆڕی ئاومان نییە و ئاو بە تانکەرمان بۆ دابین دەکرێت، هەندێک جار بەهۆی کێشەی گازوایل بۆ تانکەرەکان، دابەشکردنی ئاوەکەشمان دوادەکەوێت." ئەو هاونیشتمانییە گلەیی ئەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی گەڕەکەکەیان دەکەوێتە ناو جەرگەی شارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانن کەی تۆڕی ئاویان بۆ رادەکێشرێت. ئاوی سلێمانی: کێشەکە تەنیا چەند کاژێرێک بووە لە بەرامبەردا، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە بە تانکەر ئاوی بۆ دابەشدەکرێت و دواکەوتنەکە تەنیا بۆ چەند کاژێرێک بووە، ئەوەش بەهۆی گرفتێک لە دابینکردنی سووتەمەنیدا بووە. بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "لە دوێنێوە هەموو هەوڵی ئێمە چارەسەرکردنی کێشەی شکانی هێڵی 2ـی دووکان-سلێمانی بوو. ئەو تانکەرانەش گازوایلیان پێدەدرێت، تەنیا ئەوە بووە کە چەند کاژێرێک گازەکەیان دواکەوتووە و ئەمەش لەم دۆخەدا گرفتێکی گەورە نییە." گەڕەکی چوارچرا یەکێکە لەو گەڕەکانەی سلێمانی کە بەشێکی هێشتا تۆڕی ئاوی بۆ دابین نەکراوە و هاوینان دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست، پشت بە تانکەرەکان دەبەستن.
هەواڵە ناوخۆییەکان09-08-2026ئاوی سلێمانی: کێشەی ئەو گەڕەکانە چارەسەر دەکرێت کە هەفتەی جارێک ئاویان پێدەدرێت