رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سێ رۆژ لەمەوبەر، نرخی لیترێک گازی شل (LPG) بە بازرگانی لە هەولێر 50 دینار بەرزبووە و لە سلێمانی 50 دینار دابەزی. ئەمڕۆ لە هەولێر بوتڵێک بە نزیکەی 12 هەزار و 750 دینارە و لە سلێمانی بە 11 هەزار و 500 دینارە. هەروەها دابەشکردنی گازی حکومی بەردەوامە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ 9ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک گازی ماڵان ئەمڕۆ بە 575 دینارە".
6ـی ئاب لیترێک گاز لە هەولێر 525 دینار بوو. بە نرخی ئەمڕۆ پڕکردنەوەی بوتڵێک گازی ماڵان بە 22 لیتر بەشێوەی بازرگانی بە نزیکەی 12 هەزار و 750 دینارە.
لە هەولێر هاوشێوەی شارەکانی دیکە، جگە لە گازی بازرگانی، رۆژانە لە گەڕەکەکاندا گاز بە بوتڵ دابەش دەکرێت بە نرخی پاڵپشتیکراو و بوتڵی بە 8500 دینارە.
6ی ئاب لە سلێمانی نرخی نرخی لیترێک گازی شل لە بەنزینخانەکان 550 دینار بوو. عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک گاز 525 دینارە، واتا بوتڵێک ئەگەر 22 لیتر بێت بە 11 هەزار و 500 دینار پڕ دەکرێتەوە".
سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامیەتی سلێمانی گوتی: "گاز زۆرە و کۆگای دەکەین، ئەوەی کۆگا دەکرێت لە مانگی هەشت دەگاتە 1900 تۆن".
عومەر عەبدوڵڵا گوتی: "دابەشکردنی گازی بە بوتڵ بە نرخی حکومی بە 8500 دینار بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نەماوە و زیاتر لە پێداویستی رۆژانە دەخەینە گەڕەکەکانەوە".
سەرەتای مانگی ئاب لیترێک گازی شل لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 850 دینار، بوتڵێکی ماڵان، کە 22 لیترە، بە 18 هەزار و 750 دینار بوو، دوای ئەوە بە قۆناخ نرخەکەی دابەزی.


