رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل و هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران لە سنووری پارێزگاکە "نزیکن لە تەواو بوون". قایمقامی شەقڵاوە دەڵێ، کارکردن لە هەموو پڕۆژەکان بەردەوامە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئاب رایگەیاند: "پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی ( کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) هاوشان لەگەڵ هەردوو تونێلی (میراوە و ماوەران) قۆناخی زۆر باشیان بڕیوە و نزیکن لە تەواوبوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەولێر، "ئەم پڕۆژانە گرنگن و دووری نێوان دەڤەرەکان کورت دەکەنەوە؛ هەروەها دەبنەهۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی، پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و گەشەکردنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی لە ناوچەکەدا".
پڕۆژەکان لە سنووری قەزای شەقڵاوەن. سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە هەموو پڕۆژەکان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژی تەواو بوونیان دیار نییە".
قایمقامی شەقڵاوە گوتی: "بەگوێرەی پلانەکان دەبێت مانگی 10ی ئەم ساڵ تەواو بکرێن، ئەگەر ئاستەنگی پێش نەیەت".



