رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی هەشت بەشە خۆراکی ئەمساڵ، تەنیا چوار بەشە خۆراک دابەش کراوە، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، ئەم مانگە پێنجەم بەشە خۆراک دابەش دەکەن. بەڵام بەڕێوەبەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە سلێمانی دەڵێت، ئەوان خۆراکیان کەمە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە خۆراکیان بۆ دێت، بەڵام بۆ دابەشکردنەکەی فەرمانی حکومەتی عێراق پێویستە.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنەکە، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "رۆژی دابەشکردن دیاری نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەم مانگە پێنجەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت".
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێ.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەرمانی دابەشکردن نەهاتووە، بەڵام بەشێکی خۆراک ئامادەن و بەشێکی نییە".
بەڕێوەبەری بازرگانی کەولوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئەمڕۆ بۆ بەشەخۆراکی پێنجەمی ئەم ساڵ رۆنی شل، برنج و دۆشاوی تەماتەیان پێنەگەیشتووە.
پار لە کۆی 12 بەشە خۆراک، هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشە خۆراک دابەشکرا، ئەمساڵیش تائێستا تەنیا چوار بەشە خۆراک دابەش کراوە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.



