رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بۆرییە شکاوەکەی هێڵێكی ئاوی سلێمانی – دووکان چاککراوەتەوە و هەر ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵەکە بوون.
نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای زیاتر لە 19 کاژێر کارکردنی بەردەوام، توانرا کاری چاککردنی بۆری هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی تەواو بکرێ".
لەبارەی کاتی گەیشتنەوەی ئاو بەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە ماڵەکان.
بۆری ئاوی دووکان - سلێمانی بەرەبەیانی دوێنێ 8ـی ئاب شکا. بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بێئاو دەبن، لەوانەش ئیبراهیم ئەحمەد، سێتوان، کانی با، کازیوە و کۆمپانیاکانی نەوزاد.
هەرچەندە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری کێشەی کەمیی ئاویان هەیە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی ئاوی ئەو ناوچانە لەسەر هەمان هێڵی ئاوی سلێمانی بوون، بەختیار تاهیر گوتی، بەهۆی شکانی بۆرییەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەکانی نێوان شارۆچکەی ئەڵڵایی تاوەکو چەمچەماڵ هەبوو.
بە شکانی ئەو بۆرییە نزیکەی 50%ی گەڕەکەکانی سلێمانی بێ ئاوبوون. لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەوە ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە رووداوی گوت: "شۆفڵێک لە نزیک بۆرییەکە کاری کردووە، بەسەریدا رۆیشتووە و بەهۆیەوە شکاوە".
بەهۆی شکانی سێ پەمپی هێڵی ئاوی دووکان – سلێمانی، زیاتر لە مانگێکە بەشێکی گەڕەکەکانی ئەو شارە کێشەی کەمیی ئاویان هەیە، بڕیاربوو دوێنێ پەمپە نوێیەکان کاریان پێ بکرێ، بەڵام بەهۆی شکانی هێڵەکەوە کاری ئەوان دواکەوت.
لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی دووکان - سلێمانییە.

