رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای دهۆک کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی دەرکرد، کە یەکێک لەوانە دیجیتاڵکردنی نۆرەی وەرگرتنی بەنزینە.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە سەرپەرشتیی قایمقامی قەزای دهۆک و ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و ئاسایشی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پرسی بەنزین ئەنجامدرا و دواتر قایمقامیەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی 3 رۆژ جارێک و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش 5 رۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی حکومییان دەبێت.
دەقی راگەیێندراوەکە:
دهۆک چەند بڕیارێک لەبارەی بەنزینی حکومییەوە دران
لەبەر رەوشی ئێستای بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (8-8-2026) لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای دهۆک، بە سەرپەرشتیی بەڕێز (بریندار حەیدەر) قایمقامی قەزای دهۆک و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
ئەم بڕیارانە دران:
1- دیجیتاڵکردنی نۆرەی وەرگرتنی بەنزین بۆ زیاتر هەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومیدا، کە هەر ئۆتۆمبێلێکی کرێ (تەکسی) ٣ رۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی حکومیی دەبێت و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش ٥ رۆژ جارێک ئەو مافەیان دەبێت.
2- لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی حکومیدا، نابێت هیچ بەرهەمێکی دیکەی سووتەمەنی لەو بەنزینخانەیە بفرۆشرێت (بازرگانی، ئابوونە).
3- قەدەخەکردنی دانانی هەر جۆرە کەرەستەیەک لەسەر شەقامەکان بە مەبەستی گرتنی نۆرە.
4- هەموو دەزگا فەرمی و ئەمنییەکان هاوکار دەبن بۆ رێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی حکومی.
5- داوا لە هەموو هاووڵاتییان و شۆفێرانی خۆشەویست دەکەین هاوکار و پابەندی رێنماییەکانی پرۆسەی دابەشکردنەکە بن، لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکیش دەتوانن لەڕێگەی ژمارەی تەلەفۆنی سکاڵاوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، کە ژمارەیەکی فەرمییە و لە هەموو بەنزینخانەکانی دهۆک دانراوە.


