رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆزینەوەی لاشەی ئەسپێک بە سەربڕدراوی لە نزیک شەقامی گشتیی تانجەرۆی سەر بە ناحیەی عەربەت، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بەدواداچوونی بۆ ئەو کەیسە دەستپێکردووە، بەڵام هێشتاش کەس دەستگیرنەکراوە.
عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە، بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان شەو یاخود بەرەبەیانی هەینی ئەسپەکە سەربڕدراوە.
لەبارەی لێکۆڵینەوەکانیش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، جگە لە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگە، هاوکات لەڕێگەی جیاجیاش بەدواداچوونیان بۆ ئەو رووداوە دەستپێکردووە، گوتیشی: "تاوەکو ئێستا کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر نەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن تاوەکو دەگەین بە راستی چۆنێتیی روودانی ئەو کارە دزێوە."
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی وێنەی ئەسپێکی سەربڕاویان بڵاوکردەوە، کە لە نزیک شەقامی گشتیی عەربەت - سلێمانی فڕێدرابوو.


