رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بنەسڵاوە رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو بە گۆڕینی بووستەرەکان، گرفتەکانی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ چارەسەر دەبن. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، تۆڕی ئاوی بنەسڵاوە بە تەواوی لەسەر ئاوی ئیفرازە، بەڵام ئێستا 30 بیر بەکار دەهێنن.
ئاراس موحسین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بنەسڵاوە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، سنوورەکەیان 18 هەزار و 700 هاوبەشی فەرمیی ئاوی هەیە و خشتەی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکان رۆژ نا رۆژێکە.
لەبارەی گرفتی کەمئاوی لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ، بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە گوتی: "بەهۆی ئاریشەی بووستەرەکان و گرفتە تەکنیکییەکانەوە هەندێک ماڵ لە ناوەڕاستی کۆڵانەکاندا ئاویان پێ نەدەگەیشت، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، لە هەفتەی داهاتوودا بووستەرەکان دەگۆڕین و بەوەش پەستانی ئاو زیاد دەکات و ئاریشەکە کۆتایی دێت."
سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی ئاو، ئاراس موحسین ئاماژەی بەوە کرد کە ئاوی بنەسڵاوە بە تەواوی پشت بە ئاوی ئیفراز دەبەستێت، بەڵام لە هاویندا و بەهۆی گوشاری زۆرەوە، لە کۆی 86 بیری سنوورەکە ئێستا 30 بیریان وەک پاڵپشتی خستووەتە گەڕ بۆ گەیاندنی ئاو بە گەڕەکەکانی گوڵان، بلۆکی 23 و قەندیل. هەروەها جەختی کردەوە کە گەڕەکە نوێیەکانی وەک نەورۆز، گەڕەسۆر و تەعجیل هێشتا هێڵی ئیفرازیان بۆ نەبەستراوە و لەڕێگەی بیرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت.
ئاراس موحسین هۆشداریی لە کەمیی میلاکی فەرمانگەکەی دا و گوتی: "بەهۆی یاسای خانەنشینییەوە، لە 4 ساڵدا ژمارەی کارمەندەکانمان لە 122 کارمەندەوە کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی 80 کارمەند، بۆیە بە ناچاری سوود لە کارمەندی خۆبەخش (میراو) دەبینین."
سەبارەت بە پڕۆژە نوێیەکان، بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە ئاماژەی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی (K 1) بۆ گواستنەوەی ئاوی ئیفراز کرد، جگە لەوەش خەزانێکی گەورەی ئاویان لە گەڕەکی گەڕەسۆر دروست کردووە کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە.
ئاراس موحسین، داوای لە هاونیشتمانییان کرد هاوکار بن لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو و گوتی: "داواکارین هاونیشتمانییان لە کاتی پڕبوونی تانکییەکانیان بەلۆعەکان بگرنەوە، تاوەکو ئاو بگاتە ئەو دراوسێیانەشی کە بێ ئاون و چیدیکە گرفتی تینووێتی لە ئارادا نەمێنێت."



