رووداو دیجیتاڵ
کێشەی بێئاویی پارێزگای سلێمانی گەورەتربوو؛ بڕیاربوو دوای نزیکەی مانگێک ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەربکرێت، بەڵام بۆڕییەکی سەرەکی شکا و دابەشکردنی ئاو بۆ چەند ناوچەیەکی سەر بەو پارێزگایە وەستا.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی بەهۆی کارکردنی شۆفڵی کۆمپانیایەکەوە بۆڕی هێڵی 2ـی ئاوی دووکان - سلێمانی شکا، دابەشکردنی ئاو بۆ بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی سەر بەو پارێزگایە و چەندین گەڕەکی شارەکە وەستا."
بەگوتەی ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، گەڕەکەکانی کازیوە، کانی با، سێتوان، راپەڕین، قڕگە، ئیبراهیم ئەحمەد و هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی شەقامی شەست مەتریی سلێمانی، بێئاو دەبن.
جگە لە ناوخۆی سلێمانی، قەزای چەمچەماڵ و بازیان، ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش و کۆمەڵگەکانی ئەڵایی، باینجان، گۆپاڵە و تاسڵوجەش لەڕێگەی بۆڕی هێڵی 2ـی ئاوی دووکان - سلێمانی ئاویان بۆ بەردەدرایەوە.
ئامانج جەلال گوتی: "لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆربەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی 1 و 2ـی سلێمانییە."
روونیشیکردەوە، هێڵی 2 بەتەنیا لە حەوت پەمپ پێکدێت، دوو پەمپی کاردەکات و دووی دیکەی لەکارکەوتووە و بڕیارە بەم نزیکانە چاکبکرێنەوە، سێ پەمپەکەی دیکەش کە دەمێنێتەوە بڕیاربوو ئەمڕۆ تاقیبکرێنەوە و کارابکرێن، بەمەش بڕی بەرهەمهێنانی ئاو زیادیدەکرد و بەشێکی کێشەی بێئاویی چارەسەردەبوو.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "بۆ دابینکردنی ئاوی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە، لە 80 - 90% پشتمان بەو بۆڕییە بەستووە کە شکاوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، کە پێش لە شکانی بۆڕییەکەش قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە و شۆڕش، 16 بۆ 17 رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرایەوە و قەزاکە وەک بێئاوترین ناوچەی هەرێمی کوردستان دادەنرا.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ داواکاری گشتی قسەمکردووە و ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێت، سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆماردەکەین کە بۆڕییەکەی شکاندووە و دەبێت قەرەبووی هاووڵاتییان بکاتەوە."



.jpeg&w=3840&q=75)