رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک زڕگوێز لە کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە چوار درۆن هێرشیان کراوەتەسەر.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان، خانووی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیمان لە بانەگەورە نزیک لە زڕگوێز لە سنووری سلێمانی بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر".
بە گوتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، "لە ئەنجامی هێرشەکە خانووەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام چۆڵ بووە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئاماژەی بەوەکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆش کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی بە دوو درۆن هێرشی کراوەتە سەر.
لە سنووری سووداش سێ لەو حیزبە کوردستانییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن کە پێشگری "کۆمەڵە"یان هەیە. یەکێک لەوانە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانە.
ئارام مودەریسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆرشگێڕ، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شوێنەی لە سوورداش کراوەتە ئامانج سنووری ئەوان بووە و جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەروەها ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "لە هێرشە درۆنییەکەی سوورداش هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام چەند خانوویەکی کردووەتە ئامانج و زیانی مادی هەبووە".
لە 28ـی شوباتەوە بە پاساوی جیاواز، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 960 مووشک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.


