رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە نێوەڕاست و باشووری عێراق و پشووەکانی هەفتە، وەرزی گەشتیارییان لە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە لووتکە. سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر دەڵێت، هێندە گەشتیار زۆرە "جێگە لە هۆتێلەکان نەماوە" و گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانیش دەڵیت گرانیی نرخی بەنزین نەبووەتە بەربەست لەبەردەم هاتنی گەشتیاران.
زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. بە جۆرێک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە 1500 دینار و جۆرەکانی دیکە 2000 دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام بەرپرسانی گەشتیاری دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران نەبووە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەتان هەزار گەشتیار دەکات.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتنی گەشتیاران بەردەوامە و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هیچ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران نەبووە".
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر دەڵێت: "هەفتەی رابردوو کە لە عێراق پشوو بوو، زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە سنووری هەولێر و دەوروبەری، بەشێوەیەک تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە هەموو هۆتێلەکان پڕ بوون لە گەشتیار و جێگە نەما، بەڵام ئەوە هەموو هەفتەیە بەو شێوەیە نابێت و هۆکار پشووەکەی عێراق بوو".
گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە هاتنی گەشتیاران گەیشتووەتە لووتکە، هەفتەی رابردوو زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە".
لە سلێمانی نزیکەی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میللی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
گۆران قادر دەڵێت: "هۆتێل و رێستۆرانتەکان بە تەواوی توانایانەوە پێشوازیی لە گەشتیاران دەکەن، گەشتیارێکی زۆر دێنە سنوورەکەمان و بەهۆی هاتنیان بە گرووپ، بەرزی نرخی بەنزین کاریگەری لەسەر رێژەکەیان نەبووە".
وەرزی هاوین لە هەرێمی کوردستان وەرزی زێڕینی گەشتیارییە و زۆرینەی گەشتیاران کە سەردانی شارەکان دەکەن، لە پارێزگانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن.



