رووداو دیجیتاڵ
یاسا لە هەرێمی کوردستان رێگە بە گواستنەوەی خزمەتی کرێکاران لەنێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەدات، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێکارێکی کارگێڕی بۆ گواستنەوەی گوژمە دارایییەکان، پرۆسەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی تایبەت بۆ کاراکردنی ئەو مافە دەربکات.
رۆژی پێنجشەممە، 06ـی ئابی 2026، ئەردەلان گەزنەیی، بەرپرسی بەشی پشکنینی کار و بەشداریپێکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە مەبەستی پاراستنی مافەکان و سوودوەرگرتن لە ماوەی خزمەت بۆ خانەنشینی، یاسا رێگەی بە گواستنەوەی خزمەتی کرێکاران لە کەرتی تایبەتەوە بۆ کەرتی گشتی داوە، ئەمەش پشت بە مادەی 71 لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی ساڵی 1971 و مادەی 19 لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 دەبەستێت."
بەرپرسی بەشی پشکنین باسی لەوەکرد، کە گواستنەوەی خزمەت تەنیا بە گواستنەوەی راژە تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت گوژمەی بەشداری یان تەوقیفاتیش لەنێوان سندووقەکانی خانەنشینی بگوازرێتەوە. گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە نەبووە، ئەم جۆرە گواستنەوانە لە رووی پراکتیکییەوە جێبەجێ نەکراون."
بە گوتەی ئەردەلان گەزنەیی، دوای داواکاریی زۆری کرێکاران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی کار کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رێکارێکی یاسایی بۆ گواستنەوەی ئەو پارانە لەنێوان سندووقەکاندا دیاری بکرێت. بەڵام دەڵێت: "چاوەڕێی کاراکردنەوەی پەرلەمانین".
ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم کرێکاران، ئەویش جیاوازی نێوان بڕی بەشدارییەکان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (39) ساڵی 1971 هەموارکراو، کۆی بەشدارییەکان 17٪ ـە، بەڵام لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (9) ساڵی 2014، بڕی تەوقیفات بۆ خانەنشینی 25٪ ـە. ئەردەلان گەزنەیی روونیکردەوە: "ئەم جیاوازییە وای لێدەکات کرێکار لە کاتی گواستنەوەی خزمەت، ناچار بێت جیاوازیی ئەو 8%ـە لە گیرفانی خۆی بدات، کە بارێکی دارایی قورسە."
حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەپێی یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2023، ئەم کێشەیەی چارەسەر کردووە، حکومەت پاڵپشتیی دارایی بۆ بەشداریی کرێکاران زیاد کردووە تاوەکو بگاتە 25%، بەوەش کرێکار هیچ جیاوازییەک نادات. بەرپرسی بەشی پشکنین گوتی، کە پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان روانگەی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لەنێوان هەموو کرێکاراندا بچەسپێت.
زیاتر لە 100 هەزار کرێکار لە سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.


.webp&w=3840&q=75)

