رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راوکردنی نایاسایی و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دوو تۆمەتباری لە سنووری قەزای کفری دەستگیرکرد و دەستیش بەسەر چەکێکی جۆری تاپڕدا گیرا.
فایەق عەزیز، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە دوو کەس لە سنووری بنکەی سەرقەڵا بە شێوەیەکی نایاسایی راویان کردووە و وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد."
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی کفری، توانرا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێن. لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەست بەسەر تاپڕێک و ماتۆڕسکیلێکدا گیراوە کە بۆ مەبەستی راوکردن بەکاریانهێناوە.
لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی کفری، هەردوو تۆمەتبارەکە راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تاوەکو رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.



