رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگرێک لەسەر رێگەی مەخموور - شەمامک کەوتەوە، دوای 20 خولەک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکرا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون.
رۆژی چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەسەر رێگەی مەخموور - شەمامک ئاگادارکراینەوە؛ ئاگرەکە لە گەراجی قەپانکردنی ئاسن کەوتووەتەوە، بەهۆی هەبوونی پوش و پەلاشێکی زۆر لە شوێنەکەدا، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە."
سەبارەت بە زیانەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە".
رووداوەکە نزیک کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە. شاخەوان سەعید گوتی: "تەنیا 20 خولەک دوای گەیشتنی سێ تیممان، توانیمان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین."
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر و دەوروبەری کەوتوونەتەوە.



