رووداو دیجیتاڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان فەرمانی دەستگیرکردنی زیاتر لە 20 خاوەن دەرمانخانە دەرچوو. گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەکە دەڵێت: ''هۆکار نەبوونی پزیشکی دەرمانسازە بۆ سەرپەرشتیکردنی دەرمانخانەکان و دۆسیەکە لەلایەن داواکاری گشتییەوە جووڵێندراوە.''
فەرمانەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 05-08-2026 دەرچووە. عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر خاوەن دەرمانخانەکان تۆمار کردووە.
بەگوتەی عەقید سۆران محەممەد غەریب، زۆربەی ئەو خاوەن دەرمانخانانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و فەرمانی دەستگیکردنیان هەیە، یاریدەدەری پزیشکن و ''سەرەڕای هەبوونی مۆڵەت، مەرجی پێویستیان بۆ سەرپەرشتیکردنی دەرمانخانەکان لەلایەن پزیشکانی دەرمانسازەوە جێبەجێ نەکردووە.''
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی، لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نزیکەی 24 خاوەن دەرمانخانە دەرچووە کە هەندێکیان براونەتە بەردەم دادگە و راگیراون.
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەندیکای دەرمانسازان، نابێ دەرمانخانە بەڕووی نەخۆشدا بکرێتەوە ''ئەگەر لەژێر سەرپەرشتی و ئامادەبوونی راستەوخۆی پزیشکێکی دەرمانسازدا نەبێت کە مۆڵەتی فەرمی هەیە''. ئەمە تەنیا رێنمایی نییە، بەڵکو مەرجی سەرەکیی مۆڵەتی کارکردنی دەرمانخانەکەیە.


