رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێ، هاوژینیی "مسیار نیکاحێکی ناپەسندە و ئامانجە باڵاکانی هاوژینی ناپێکێ؛ بۆیە زۆربەی حەرامە." مامۆستایەکی ئایینیش دەڵێ، ئەگەر وەلی ئەمر ئاگادار بێت، پرۆسەکە هیچ کێشەیەکی شەرعی تێدا نییە.
نزیکەی هەفتەیەکە لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی مامۆستایەکی ئایینی بڵاوبووەتەوە کە دەڵێ، "هاوژینیی مسیارم کردووە و ئەگەر دایکم و کچەکەیشم بیکات، بەو شێوازەی من دەیڵێم، ئاساییە و دروستە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-08-2026 مامۆستا مەلا کامەران عەلی، گوتاربێژ لە مزگەوتی فردەوس لە هوانەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "مسیار بە واتای ئاسانکردن دێت، واتە ئافرەتێک کە تەمەنی سەروو 18 ساڵ بێت، ئامادەیە سازش لەسەر چەند مافێکی خۆی بکات بۆ پیاوێک. ئافرەتێک دڵی دەکەوێتە سەر پیاوێ و خۆشی دەوێ، پێویستی بە نەفەقەی پیاوەکە نییە و ئامادەیە شووی پێ بکات. هاوکات پیاوەکە لە مانەوەی شەوێ نا شەوێک دەبەخشێت، بە ویست و گوێرەی کاتی پیاوەکە سەردانی دەکات و لەگەڵی دەخەوێ. لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەر بوونی منداڵ هەردووکیان رێکدەکەون. وەلی ئەمری ژنەکە ئامادە دەبێ و بە مسیارەکە ئاگادارە."
بە گوتەی مامۆستا مەلا کامران عەلی، ئەگەر ژنی یەکەمی پیاوەکە سکاڵای هەبوو، لە دیندا کێشە نییە، بەڵام لە یاسادا کێشەیە. ئەگەر پیاوەکەی لە مافی ژنی یەکەمی کەموکوڕی نەبوو، بەڵام دۆخی مەعنەویی پیاوەکە وای خواست ژنی دووەم بێنێت، لە شەرعدا ژنی یەکەمی ناتوانێت رێگری لە هاوژینی مسیاری لێ بکات.
مامۆستا مەلا کامران عەلی گوتی، "ئەگەر وەلی ئەمری ئافرەتەکە ئامادەبێ و لە مافی خۆی ئاسانکاری بکات، ئەو زەواجە من بیکەم و کچەکەم بیکات یان هەر کەسێک بیکات کێشەی نییە. من زەواجی مسیارم کردووە و خێزانیشم دەزانێت. کە دەچم لای دەمێنمەوە، خێزانم ئاگادارە و دەزانێت لەو ماڵە دەمێنمەوە. هاوکات کەسوکاری خێزانی دووەمیشم دەزانن کە خێزانی منە."
مامۆستا مەلا کامران عەلی گوتی، "بۆچوونی زانایان لەبارەی مسیارەوە جیاوازە. لای شافعییەکان ئامادەبوونی وەلی ئەمر بنەمای هاوژینییە، بەڵام لای حەنەفییەکان بنەما نییە و دروستە. لە هەر چوار مەزهەب نەگوتراوە کە زەواجی موتعە حەرامە و جەڵتیشی لەسەر نییە، چونکە لە مەزهەبێکدا دروستە."
سەبارەت بە زەواجی موتعەش، مامۆستا مەلا کامران عەلی گوتی، "زانایانی ئەهلی سوننە بە حەرام و باتڵ دایانناوە، بەڵام بە زینایان نەزانیوە و وەک (وطأ الشبهە) حسابیان بۆ کردووە. بە کەسی موتعەچی ناوترێت زیناکەر و ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامیش هەبێ، بە تۆمەتی زیناکردن جەڵت و رەجم ناکرێ. پاشان لە مەزهەبێکیشدا هاتووە و دروستە کە مەزهەبی جەعفەرییە."
هاوکات د. حەسەن محەممەد پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بابەتی نیکاحی مسیار، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ زۆربەی هەرە زۆری بەتاڵە و حەرامە. لەبەرئەوەی زۆربەی وەلی ئەمری ئافرەتەکە لە پرۆسەکە ئامادە نابێت. ئەوەش گەورەترین کێشەی مسیاری ئێستای هەرێمی کوردستانە."
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تەنانەت ئەگەر وەلی ئەمریش ئامادە بێ و مسیارەکە مەبەستە باڵاکانی شەریعەت نەپێکێ، وەک ئەوەی شەرع دایناوە، خۆشەویستی و رەحمەت لە زەواجی مسیاردا نییە و تەنیا مەبەستیان تێرکردنی غەریزەیە. ئەوان نە منداڵیان مەبەستە نە خزمایەتی. پێغەمبەر (د. خ) دەفەرمووێ، ئەو نیکاحەی بێ ئامادەبوونی وەلی ئەمر دەکرێ، بەتاڵە."
د. حەسەن محەممەد پشدەری گوتی، "کێشەی مسیار ئەوەیە، منداڵ دەکەوێتە نێوان و لە میراتی باوکی بێبەش دەبێت. رەنگە ئافرەتەکە چەند زەواجێکی مسیار بکات. هاوکات پیاو هەیە زیاتر لە چوار ژنی هەیە وەک ئەوەی لە سعودیە هەیە، واتە وەک کەنیزەک سەیریان دەکرێ. بۆیە ئەنجوومەنی باڵای فەتواش دەڵێ، (نیکاحێکی ناپەسەندە و ئامانجە باڵاکان ناپێکێ.) هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەگەڵ ئەم جۆرە زەواجە نییە."
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێ، "لە یەک دۆخدا مسیار ئاساییە کە بەئاشکرا بێ و خەڵک بزانێ، وەلی ئەمر ئامادە بێت، لە دادگە تۆمار بکرێ، ئافرەتەکە سازش لە مافی خۆی بکات. ئەگینا ئەوانی دیکە هەر هەموویان زۆر خراپن و حەرامن."
.jpeg&w=3840&q=75)



