رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی وردەکاری لەبارەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا (پێش سیستمی رووناکی) بڵاوکردەوە. لەو دوو رۆژەدا زیاتر لە 35 هەزار هاوبەش قەرزیان داوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایەی کە ئەمڕۆ سێشەممە، 04ـی ئابی 2026 پڕۆژەی رووناکی بڵاوی کردەوە، داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی کارەبا بەپێی جۆری هاوبەشەکان دیاریکراوە، بەشێوەیەک 50٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەکرێ، 25٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری دەکرێ (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەتیان هەیە).
پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، ئەمە "دوایین داشکاندنی ناوازە دەبێت و چی دیکە درێژناکرێتەوە". داشکاندنەکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێ و تەنیا پێویستە هاوبەشان بڕی داشکێندراوی قەرزەکە بدەن.
لە راگەیێندراوەکە هۆشداری دراوەتە هاوبەشانی کارەبا و تێیدا هاتووە: "هاوبەشان دەبێت بەردەوام بن لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی رووناکی لە 50 رۆژدا، ئەگینا لە رێی سیستمی خۆکارەوە کارەبایان دەبڕدرێ."
سەبارەت بە ئامارەکانی تائێستا (تاوەکو کاژێر 05:30ـی ئێوارەی 04/08/2026)، حکومەت لە 10 ملیار دینار خۆش بووە و رێژەی پارەدان لە رێی "ئی-پسوولە" گەیشتووەتە 75٪.
بڕی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
هەولێر: 3.5 ملیار دینار.
سلێمانی: 3.5 ملیار دینار.
دهۆک: 2.5 ملیار دینار.
هەڵەبجە: 100 ملیۆن دینار.
قەرزەکە کێ ناگرێتەوە؟
بەگوێرەی تیمی رووناکی، ئەو کەسانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو قەرزە نایانگرێتەوە، کە زۆرتر کارگە و کۆمپانیا گەورەکان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە.
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50٪ی قەرزی کارەبای پێش رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان کشتوکاڵی و 25٪ی قەرزی پشەسازی و بارزگانی و میری خۆش بێت، بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزەکانیان دەدەنەوە، تیمی هاوبەشان لە 3ی ئەم مانگەوە تاوەکو 10ی ئەیلوول دەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.




