رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، کە لە چەند وانەیەک ماونەتەوە بۆ خولی دووەم، داوا دەکەن کاتی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم نزیکەی دوو هەفتە دوابخرێن. وەزارەتی پەروەردە داواکە رەتدەکاتەوە دەڵێت، نزیکەی 40 رۆژ کاتیان بە قوتابیان داوە.
ڤیار بەکر، قوتابی پۆلی 12 لە قەزای دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە کۆدەنگییەکی زۆرمان لەنێو خۆمان دروستکردووە و پێکەوە داوا دەکەین لانیکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەم 12 رۆژ دوابخرێت".
ڤیار بەکر گوتی: "هەمانە زیاتر لە چەند وانەیەک ماوەتەوە بۆ خولی دووەم، پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ ئێمە زۆر گرنگە بتوانین پێداچوونەوەی زیاتر بە وانەکانماندا بکەینەوە".
بڕیار 11ـی ئابی 2024، تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. ژمارەیەک لە قوتابیان دەڵێن، بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان گردبوونەوەی ناڕەزایی دەکەن.
قوتابییەکی دیکەی 12ـی ئامادەی لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ شەڕ و درۆن و لافاو لە کوردستان هەبووە و پەروەردە هیچ هاوکارییەکی قوتابیانی پۆلی 12ـی نەکردووە، ئێستاش تەنیا داوا دەکەین چەند رۆژێک تاقیکردنەوەکان دوابخرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاترمان هەبێ بۆ پێداچووەنەوەی وانەکان".
د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دواخستنی تاقیکردنەوەکان زۆر قورسە، نزیکەی 40 رۆژیش وەکو کاتی پێویست بە قوتابیان دراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە وانەکاندا بکەن".
بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ئەوان ناتوانن تاقیکردنەوەکان دوابخەن، چونکە دواخستنی تاقیکردنەوەکان کێشە بۆ تەواوی رێڕەوی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی و دەستپێکردنی زانکۆلاین و وەرگرتنیان لە زانکۆکان دەستپێدەکات.
د. سەیوان عەلی گوتی: "بابەتەکە زنجیرەییە و بەشێکیشی پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە هەیە، ئەوانیش دەیانەوێت تاوەکو مانگی نۆ ناو و زانیاری هەموو دەرچووانی پۆلی 12 یان لەبەردەست بێت".
بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان پەیوەندیدار نین بە تاقیکردنەوەکان و کاری وەزارەتی پەروەردەیە. ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە لەسەر نووسراو و ئەنجامەکانی وەزارەتی پەروەردە کار دەکەین و هەرکات ناوی قوتابییەکان بگاتە وەزارەتمان کارکردن بۆ وەرگرتنیان دەستپێدەکات".
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

