رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێکی فەرمی ناوی سێ یەکەمەکانی ساڵانی رابردووی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بە مەبەستی دامەزراندنیان. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکە زانیاری ورد لەسەر نووسراوەکە دەخاتەڕوو.
نووسراوەکە ژمارە 12723 و رێککەوتی 02ـی ئابی 2026 و واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و تێیدا هاتووە: "داتا و زانیاری سەرجەم سێ یەکەمەکانی دەرچووانی ساڵانی 2017 بۆ 2025 لەگەڵ هەڵگرانی بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون دەنێرین بۆتان، بە مەبەستی دابینکردنی (میلاک) و (بودجه) بۆیان لە تەرخانی دارایی ساڵی 2027".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هەموو وەزارەتەکان کرا پێویستییەکانیان بۆ دامەزراندن بخەنەڕوو. لەو چوارچێوەیەدا نووسراومان کرد و هەموو ناوەکانمان بۆ ناردن، لەگەڵ بڕی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "ناوەکان بۆ ئەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو گفتوگۆ بکات بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان".
د. توانا نەجەف گوتی: "سێ یەکەمەکان ژمارەیان 16 هەزار و 282 کەسە و پێویستیی مانگانەیان بۆ دامەزراندن 11 ملیار و 900 ملیۆن دینارە".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "خاوەن بڕوانامە باڵاکانیش کە ناویان نێردراوە 729 کەسن و بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان مانگانە 911 ملیۆن دینارە".



