رووداو دیجیتاڵ
کەمبوونەوەی هاوردەکردنی کبریتی پارێزەری گەڵای تەماتە، جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە. جووتیارێک هۆشداری دەدات کە ئەگەر چارەسەرێکی خێرا نەدۆزرێتەوە، بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ 50% کەمدەکات.
ئومێد دڵشاد، کە جووتیارێکی دەڤەری برادۆستە، بە رووداوی گوت: "نرخی یەک کیسەی 20 کیلۆیی کبریت لە 15 هەزار دینارەوە بۆ 50 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، سەرەڕای گرانییەکەشی، بە ئاسانی دەستناکەوێت."
ئەو جووتیارە کە لەسەر رووبەری 60 دۆنم زەوی تەماتەی چاندووە و چاوەڕوانی بەرهەمهێنانی 300 تۆن تەماتە دەکات، دەڵێت: "بۆ پاراستنی گەڵای تەماتە لە زیندەوەرە زیانبەخشەکان پێویستمان بە کبریتە؛ ئەگەر بەکاری نەهێنین، زیانێکی گەورە بە بەرهەمەکانمان دەگات."
سەبارەت بە هۆکاری گرانبوونی ئەو ماددەیە، حاجی بارزان، بازرگانی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاند: "کبریت لە کەرکووک و موسڵەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئێستا هەناردەی تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکرێت، ئەوەش وایکردووە نرخی یەک تۆن کبریت لە 500 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بەرزبێتەوە."
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی کبریتی نییە و هەموو پێداویستییەکان لە دەرەوە یان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دابین دەکرێن. پێشنیازیشی کرد کە بۆ چارەسەری ریشەیی، پێویستە کارگەیەکی ناوخۆیی دابمەزرێنرێت.
کشتوکاڵی هەولێر: بەغدا رێگرە
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "لە ناوچە گەرمەکان جارێ پێویستییان بە کبریت نییە، بەڵام بۆ ناوچە شاخاوییەکانی وەک برادۆست و سیدەکان بووەتە گرفت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەتی فیدراڵی درێژ دەکات و دەڵێت: "کێشەکە لە بەغداوەیە؛ حکومەتی عێراق رێگری دەکات لەوەی کبریت بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ئێمە لەگەڵ ژووری بازرگانی و یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە 500 هەزار تۆن، کە ئەوەش زیاترە لە پێداویستیی ناوخۆ و بڕێکی زۆری هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.



