رووداو دیجیتاڵ
لەنێو بازاری کەلاردا کەسێک بە دەسترێژی گوللە کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، هۆکارەکە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی بووە.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کەسێک لەنێو بازاری کەلار بە دەسترێژی گوللە کوژرا.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "کوژراوەکە 9 گوللەی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. هەر بەهۆی دەسترێژەکەوە کەسێکی دیکە کە پەیوەندیی بە کێشەکەوە نییە، گوللەیەک بەر قاچی کەوتووە و برینداربووە."
سەبارەت بە هۆکاری کوژرانی ئەو هاونیشتمانییە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "هۆکارەکەی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتیی نێوان ئەو دوو ماڵباتە بووە کە بۆ نزیکەی 25 ساڵ لەمەوپێش دەگەرێتەوە."
بەگوتەی سۆران محەممەد، ماڵباتی کوژراوەکە سکاڵایان لەسەر بکوژەکە و چەند ئەندامێکی دیکەی ماڵباتی بکوژ تۆمارکردووە؛ گوتیشی، "ئێستا یەکێک لەوانەی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە دەستگیرکراوە و پۆلیس بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەوەیە."


