رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 16 ساڵە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا 1197 کەسوکاری شەهیدی سنووری کەرکووک لە قەزای چەمچەماڵ زەوییان پێنەدراوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، "نەخشەی زەوییەکان تەواوبووە و بەبێ جیاوازی دابەشدەکرێن."
لە ساڵی 2010ـەوە فەرمانی وەزاری بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ 1197 کەسوکاری شەهیدانی سنووری پارێزگای کەرکووک دەرچووە کە لە قەزای چەمچەماڵ زەوییان پێبدرێت، بەڵام بەگوتەی کەسوکاری شەهیدان، دوای 16 ساڵ هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی زەوییەکانیانن.
ئامۆژگار مەحموود، کە برای شەهیدە و یەکێکە لەوانەی ناوی بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "16 ساڵە هیچ شوێنێک نەماوە سەردانی نەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پارچە زەوییەکمان بۆ تەرخاننەکراوە. ژمارەمان 1197 کەسە و بەفەرمانێکی وەزاری بڕیاردراوە لە چەمچەماڵ زەویمان پێبدرێت. نووسراوەکەمان لە سلێمانییەوە ئاراستەی شارەوانیی چەمچەماڵ کراوە، بەڵام ئەوان زەوییان بۆ تەرخاننەکردووین."
ئەو برای شەهیدە ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکیان پێیان گوتراوە کە "لێرە زەوی نادەین بە کەسوکاری شەهیدانی پارتی"، بۆیە داوادەکەن ئەگەر لە چەمچەماڵ زەوییان پێنادرێت، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان شوێنی وەرگرتنی زەوییەکانیان بۆ بگۆڕێت.
لەبەرامبەردا، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "چەندین ساڵە لە چەمچەماڵ هیچ زەوییەک ئیفرازنەکراوە و هیچ نەخشەیەکی دابەشکردنی زەوی نەبووە. ئێستا ئێمە خەریکین و نەخشەی زەوییەکان تەواوبووە."
قایمقامی چەمچەماڵ روونیکردەوە کە نایانەوێت تەنیا ژمارەیەک دابەشبکەن، بەڵکو دەیانەوێت لەگەڵ دابەشکردنەکەدا وێنەی تۆماری زەوییەکە (تاپۆ) رادەستی خاوەنەکانیان بکەن. گوتیشی، "ئێستا تەنیا ماوە وێنەی تۆماری زەوییەکان تەواوببێت، دواتر راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنیان دەکەین."
سەبارەت بەو کەسانەی فەرمانی پێشووتریان هەیە، ئاسۆ بەکر گوتی، "پێشینە دەدەین بە کەسوکاری شەهیدان تاوەکو ئەوان تەواودەبن. هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان شەهیدی هیچ حیزبێکدا ناکەین، ئەوانە هەموویان شەهیدی کوردستانن و مافی خۆیانە لە هەر شوێنێک بۆیان دیاریکرابێت، زەوی وەربگرن."



