رووداو دیجیتاڵ
کەرکووک بووە ئەندامی "یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک"، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێ، "ئاگاداری ئەم بابەتە نەبووین."
لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک، کە دوێنێ هەینی لە شاری قارامانی تورکیا بەڕێوەچوو، ئەندامێتیی کەرکووک لەو یەکێتییەدا بە فەرمی راگەیێندرا.
راگەیاندنەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 16ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا محەممەد سەمعان، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرەی تورکمانی بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، دوێنێ لە گوتارێکدا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەگەر رێنمایی و سیاسەتە بەهێزەکانی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و پشتیوانیی دامەزراوەکانی تورکیا نەبووایە، نەدەتوانرا دوای 102 ساڵ لە کەرکووک پارێزگارێکی تورکمان هەڵبژێردرێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: ئاگادار نین
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە، 1ی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەک ئەنجوومەن ئاگاداری ئەم بابەتە نین. پێویستە لە کاتی هەر رێککەوتن و واژۆکردنێکدا ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرۆکایەتییەکەی ئاگادار بن."
محەممەد ئیبراهیم گوتی، هەر خزمەتگوزارییەک بۆ کەرکووک بێت، دەبێت بۆ هەموو ناوچەکان بێت، بێ جیاکاری.
هاوکات حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "نەوەک هەر ئاگاداری بابەتەکە نین، بەڵکو پرس و رامان وەرنەگیراوە."
رووداو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەو بارەیەوە قسە بکەن.
پڕۆژەکان و هەنگاوی داهاتوو
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک (لە پشکی یەکێتی) کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو، رایگەیاند کە (ئاژانسی هاوئاهەنگی و هاریکاریی تورک) ناسراو بە (TIKA) پاڵپشتیی دارایی و لۆجیستی بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە کۆدەکاتەوە.
ئەحمەد عومەر گوتی، "سێ پڕۆژەمان پێشکێش کردووە، تاوەکو ئێستا یەکێکیان پەسند کراوە کە دروستکردنی سەیرانگای ( شەعب)ـە لە ناحیەی تازە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک رایگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوویش شاندێکی کەرکووک سەردانی عومان بکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە "یەکێتیی شارەوانییەکانی وڵاتانی عەرەبی."
یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک (TDBB) لە ساڵی 2003 دامەزراوە و بارەگاکەی لە ئیستەنبووڵە، زیاتر لە 45 شارەوانی لە 16 وڵاتی جیاوازی وەک ئازەربایجان، لوبنان و فەلەستین تێیدا ئەندامن.



