رووداو دیجیتاڵ
رێگەی نێوان هەولێر – دهۆک بە تەواوی دەبێتە جووتساید. جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای دهۆک دەڵێ، 80%ی رێگەکە تەواو کراوە و پڕۆژەکە کەمتر لە ساڵێکی ماوە.
رێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 2 هەزار کرێکاری نێوخۆیی بە 1500 ئامێری پێشکەوتووەوە بە چڕی کار لە رێگەکەدا دەکەن."
بە گوتەی رێدیر سلێمان، بودجەی پڕۆژەکە زیاتر لە 135 ملیار دینارە و وادەی تەواوکردنی 3 ساڵە. مانگی تەممووزی 2024 کارکردن لەسەری دەستیپێکرد.
لەبارەی کاتی تەواوبوونی جووتسایدەکەوە، رێدیر سلێمان گوتی، "دەبێ تاوەکو مانگی تەممووزی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواوبێ. ئەگەر بەم شێوەیە بێ وچان کاری لەسەر بکەن، پێش وادەی خۆی تەواودەبێت."
جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای دهۆک گوتی، پرۆژەکە لە کاتی کارکردندا زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات و فراوانتر کرا، ئەمەش کاریگەری لەسەر کاتی تەواوبوونەکەی هەبووە. گوتیشی، "بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە بونیاتنانی 11 بەرزەپرد و ژێڕپرد و 100 ئاوڕێژە."
پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر – دهۆک لە گوندی هیتوتەوە لە پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات تاوەکو باعەدرێ لە هەمان پارێزگا.



