رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر قۆناخی سێیەمی پرۆژەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی فەرمانبەران و کەرتی 8 هەزاری دەستپێکرد. لەم قۆناخەدا شەقامێکی سەرەکی 30 مەتری و 10 شەقامی نێوخۆیی قیرتاو دەکرێن.
رۆژی شەممە 1ی ئابی 2026 رەنجدەر دزەیی، سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە قۆناخی سێیەمی گەیشتووەتە جێبەجێکردن و ئێستا کار لەسەر شەقامە سەرەکی و نێوخۆییەکانی نێو گەڕەکەکە بەردەوامە.
بە گوتەی رەنجدەر دزەیی، کۆی درێژی شەقامەکان 2200 مەترە و لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا کردنەوەی شەقامەکان، فەرشکردنی تێکەڵە بە رووبەری 24 هەزار مەتر دووجا و قیرتاوکردنی 19 هەزار مەتر دووجا جێبەجێ دەکرێ.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر گوتیشی، گوژمەی پڕۆژەکە 609 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی داهاتی 15%ی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێ.



