رووداو - دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو داوە بە گوژمەی 150 ملیار دینار، کە کێشەی ئاوی شارەکە و دەوروبەری بۆ 40 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات. دەشڵێت: "ئێستا رۆژانە 75 هەزار مەتر سێجا ئاو دابەش دەکەین."
ئەندازیار موراد جموور، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاو لە کەلار پێکهاتوون لە دوو پاڵاوگە و 57 بیری ئاو، کە رۆژانە ئاو بۆ نزیکەی 30 هەزار هاوبەش دابین دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، خشتەی دابەشکردنی ئاو رۆژانەیە، بەڵام هەندێکجار بەهۆی کێشەی کارەباوە دابەشکردنەکە دەکەوێتە درەنگی شەو یان بەرەبەیان.
حکومەت لە رێگەی پرۆژەیەکی گەورەوە سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی قەزاکەیە. بەڕێوەبەری ئاوی کەلار گوتی: "ئەم پڕۆژەیە توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاژێرێکدا هەیە؛ ئێستا لە قۆناخی تەندەریندایە و بە جێبەجێکردنی، کێشەی ئاو لە کەلار، رزگاری و پڕۆژە نوێیەکانی نیشتەجێبوون بۆ 30 تاوەکو 40 ساڵی داهاتوو بنبڕ دەبێت."
سەبارەت بە تۆڕەکانی ئاو، موراد جموور ئاماژەی بەوە کرد کە کارکردن لە تۆڕی گەڕەکی راپەڕین دەستیپێکردووە و مانگی داهاتووش پڕۆژەی گەڕەکی شێروانە دەستپێدەکات، بەڵام تۆڕی گەڕەکی شۆڕش بەهۆی نەبوونی بودجەوە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار هۆشداریی لە کەمیی میلاک دا و رایگەیاند، لە کۆی 78 میراو و فەرمانبەر، 20 کەسیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خانەنشین دەبن.
موراد جموور گوتی: "ئەمە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەڕێوەبردنی بیرەکان دەبێت؛ ئێستا کار گەیشتووەتە ئەوەی یەک یان دوو فەرمانبەر سێ بیری ئاو بەڕێوەببەن، کە ئەوەش گوشارێکی زۆر لەسەر کارمەندەکانمان دروست دەکات."

.jpg&w=3840&q=75)

