رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەم نزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. ئامانج لە سەردانەکەش بڕینەوەی دەرماڵە [مووچە] بۆ 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت و جێبەجێکردنی سیستمی چاودێریی خێزان و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکە.
ژیلوان عادل شوکر، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، لە ساڵی 2022ەوە مامەڵەی نزیکەی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی کۆتایی هاتوو لە ساڵی 2023ەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا، پاشان ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا رەوانەی بەغدای بکات بۆ بڕینەوەی شایستە داراییەکانیانی، بەڵام بەغدا ئەم پرسەی بەستووەتەوە بە پەسندکردنی بودجەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئاشکرای کرد، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ سێ پرسی سەرەکی بچنە بەغدا، ئەوانیش:
- بڕینەوەی مووچە بۆ 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت کە مامەڵەکانیان تەواو بووە.
- جێبەجێکردنی سیستمی "چاودێریی خێزان" لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ئاستی بژێوی و ژمارەی خێزانکان هاوکاریی دارایی دەکرێن لە عێراق (لە 100 هەزارەوە تاوەکو 450 هەزار دینار).
- دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کە ساڵانە چوار جار لە چوارچێوەی بودجەی "نەفەقاتی حاکیمە"دا دابەش دەکرێت.
ژیلوان عادل شوکر گوتی: "له عێراقدا نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە سیستمی چاودێریی خێزان سوودمەندبوون، بەڵام ئەم سیستمە لە کوردستان جێبەجێ نەکراوە. جێبەجێکردنی بۆ ئەو خێزانانەی هیج مووچە و سەرچاوەیەکی بژێوییان نییە زۆر گرنگ و بەسوود دەبێت."
لەبارەی زانیارییەکانی تایبەت بە یەکسانکردنی مووچەی 150 هەزاریی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان بە 250 هەزار دینار، ژیلوان عادل روونیکردەوە کە ئەو زانیارییانە ورد نین؛ چونکە لە عێراق مووچەیەک بە ناوی "مووچەی کەمئەندامان" بە بڕی دیاریکراوی 250 هەزار دینار نییە، بەڵکو بڕی هاوکارییەکان لە چوارچێوەی "چاودێریی خێزان"دا بەپێی ئاستی بژێوی و رێژەی ئەندامانی خێزان لە 100 هەزار تاوەکو 450 هەزار دینار دەگۆڕێت.
.jpg&w=3840&q=75)


