رووداو - دیجیتاڵ
قایمقامی بەحرکە رایدەگەیێنێت کە زۆربەی ئاستەنگ و چاڵەکانی دەروازەی شارەکەیان چارەسەر کردووە دەررخستەیەکیشیان بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی مۆدێرن پێشکێشی پارێزگای هەولێر کردووە.
شاخەوان سدیق، قایمقامی قەزای بەحرکە بە رادیۆی رووداو رایگەیاند: "لە 80%ـی ئاستەنگەکانی رێگەی دەروازەی بەحرکە بە ئاراستەی هەولێر چارەسەر کراون؛ بەتایبەتی ئەو شوێنانەی چاڵ و چۆڵیی گەورەیان تێدابوو پڕکراونەتەوە و کارکردن تێیدا لە قۆناخی کۆتاییە، لەم دوو رۆژەدا بە تەواوەتی کۆتایی دێت."
بەپێی ئەو وێنانەی دەست رووداو کەوتوون، تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی چاککردنەوە و قیڕتاوکردنی ئەو شوێنانەن کە ببوونە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ شۆفێران.
قایمقامی بەحرکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارانەی ئێستا کراون تەنیا "چارەسەرێکی بەپەلە و کاتین" بۆ ئەوەی هاتووچۆی هاوڵاتییان ئاسان بێت تاوەکو پڕۆژەی سەرەکی و بنەڕەتیی رێگەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە پلانی داهاتووی ئاوەدانیی ناوچەکە، شاخەوان سدیق گوتی: "وەکو ئیدارەی قەزاکە، دەرخستەیەکمان بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە بۆ بەحرکە ئامادەکردووە و پێشکێشی پارێزگای هەولێرمان کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت و سیمایەکی جوان بە شارەکە ببەخشێت."


.jpg&w=3840&q=75)
