رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستمی پاسی نوێ و پێشکەوتوو (سیتی پاس) لە هەولێر کارا دەکرێت و دواتریش لە سلێمانی و دهۆک. بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەوینی دەڵێت: "ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنداین و گرێبەستمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە".
رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەوینی و هێڵی ئاسن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گفتوگۆی زۆر لەبارەی هێنانی پاسی نوێ بۆ ناو شارەکان کراوە و گرێبەستمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستمە. دەمانەوێت لەگەڵ بارودۆخی هاووڵاتییان بیگونجێنین و سەرەتا پلانەکە وایە لە هەولێر دەستپێبکەین."
بە گوتەی رێباز محەممەد، پڕۆژەکە لە قۆناخی گفتوگۆ دەرچووە و ئێستا کاری جێبەجێکردنی دەستیپێکردووە. لە قۆناخی یەکەمدا، سێ هێڵی سەرەکی لە هەولێر کارا دەکرێن کە بریتین لە شەقامی کەرکووک، شەقامی کۆیە و شەقامی موسڵ. ئەو هێڵانە بە بازنەی 60 مەتری دا دەسوڕێنەوە و زۆرترین قەرەباڵخییان لەسەرە.
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەوینی گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت سیستمەکە پێشکەوتوو بێت. گفتوگۆکانمان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی بووە، لەنێویاندا کۆمپانیای ئەڵمانی و یابانی هەن، بۆ ئەوەی پاسەکان بە ستانداردی جیهانی بن و خزمەتگوزارییەکی شایستە پێشکەش بکرێت."
پڕۆژەی سیتی پاس لە هەولێر لە چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و تایبەت جێبەجێ دەکرێت، چونکە وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی پێدا، "گواستنەوەی گشتی پێویستی بە پاڵپشتیی مادیی گەورە هەیە و حکومەت دەبێت پاڵپشتی بکات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی بودجەوە، ئێمە لەگەڵ کەرتی تایبەت رێککەوتووین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە."
یەکێکی دیکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی بواری گواستنەوە، پڕۆژەی تراموا بوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان. رێباز محەممەد لەمبارەیەوە گوتی، "لە ساڵی 2012 پلانێکی تۆکمە بۆ دەستپێکردنی تراموا هەبوو، دیزاین و قۆناخەکانی دیاریکردنی هێڵەکانیشی کۆتایی هاتبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە وەستا، ئەگەر قەیران نەبووایە،بە دڵنیاییەوە ئێستا تراموا لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد."
سەبارەت بە گەشتیاران و فڕۆکەخانەکان، رێباز محەممەد، کە هاوکات بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانییە بە وەکالەت ئاشکرای کرد، هەوڵەکانیان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
رێباز محەممەد گوتی: "ئامادەکارییەکانمان کردووە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی بانکی ناوەندین. بەهیواین لە ئایندەیەکی نزیکدا لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆلار بەو نرخەی حکومەتی عێراق بە گەشتیاران بدرێت، کە مافی خۆیانە."
ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاندەرێکی باش بێت بۆ زیادبوونی گەشتیاران و کەمکردنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانیان، چونکە وەک رێباز محەممەد دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن، هەندێکجار تێچووی تکتەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە."
لەبارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە هەندێک هێڵی ئاسمانی بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە گەشتەکانیان راگرتووە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکەنەوە. هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی گەشتەکانی قەتەری، رۆیاڵ جۆردن، عێراقی و ماهان کرد.


.jpg&w=3840&q=75)
