رووداو دیجیتاڵ
نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین لە سلێمانی بەرزبووەوە. لە هەولێر نرخی بەنزینی نۆرماڵ جێگیرە و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێت، "پاڵاوگەی لاناز بەنزینی موحەسەنی دابەشکرد و ئەمڕۆ نرخی دابەزی".
ئەمڕۆ 30ـی تەمموز، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی لە 1150 دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ 1200 دینارە. هەروەها موحەسەن بە 1550 دینارە و سووپەر بە 1700 دینار، بەراورد بە هەفتەی رابردوو لیتریان زیاتر لە 100 دینار بەرزبووەتەوە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ 30ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 1150 بۆ 1175 دینارە و چەند رۆژێکە هەمان نرخە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتیشی، "ئەمڕۆ پاڵاوگەی لاناز بەنزینی موحەسەنی خستە بازاڕەوە لیتری بە کۆ 1200 دینار و لە بەنزینخانەکان بە 1300 دینار. هەروەها نرخی لیترێک بەنزینی سووپەر لە 1500 دینارەوە دەستپێدەکات".
لە 6ی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار و ئەمڕۆ هەزار و 200 دینارە.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەمموز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێ. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەمموز دۆخەکە ئاسایی بووەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
