رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە سێ ساڵ مشتومڕ و بەدواداچوون، دۆسیەی "کوردەوان هەڵەبجەیی" گەیشتە کۆتایی. پشکنینەکانی DNA لە هەولێر و بەغدا سەلماندیان کە هاوڕێ ئەنوەر عەسکەر، کە خۆی بە کوردەوان ناساندبوو، کوڕی بایۆلۆجیی مەحموود فەتاح عەبدولمەحەممەد، ناسراو بە "مەحموود هەڵەبجەیی" نییە. هاوڕێ داوای لێبووردن لە بنەماڵەی مەحموود دەکات، هەڵەبجەی بەجێهێشتووە و دەڵێت، "شانازی دەکەم بە هەڵەبجەییبوونمەوە، بەڵام چیدی پەیوەندیم بەو شارەوە نەماوە."
هاوڕێ ئەنوەر، کە ماوەیەک بوو نازناوی "کوردەوان هەڵەبجەیی" بۆ خۆی هەڵبژاردبوو، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "من کوڕی مەحموود هەڵەبجەیی نیم، بەڵام ونبوویەکی هەڵەبجەم و داوای لێبووردن لەو خێزانە دەکەم." ئاماژەی بەوەشدا دوای سێ ساڵ لە ماندووبوونێکی زۆر بۆ خۆی و مەحموود، لەسەر داوای هەردوولا رێککەوتوون کە دۆسیەکە دابخرێت و چیدی باسی لێوە نەکرێت.
سەبارەت بە ناسنامەکەی، هاوڕێ گوتی، "داوام لە وەزارەتی نێوخۆی عێراق کردووە ناسنامەیەکی سەربەخۆم بۆ دروست بکات بەناوی کوردەوان هەڵەبجەیی، تاوەکو ئەو کاتە، کوردەوان ناسناوی من دەبێت."
هاوڕێ ئەنوەر کە ئێستا گەڕاوەتەوە کەرکووک، باسی لەوە کرد، رێکخراوێکی مرۆیی دامەزراندووە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێسەرپەرشت و ونبوو، چونکە "ئەوان وەک ژیانی خۆم دەژین." ئەو ئێستا خاوەنی چوار کوڕە و خانووەکەی لە هەڵەبجە، کە دیاری بوو، رادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە.
محەممەد فەتاح، برای مەحموود هەڵەبجەیی، چیرۆکەکە لە گۆشەنیگای بنەماڵەکەیەوە لە (بەرپرسیار) گێڕایەوە و گوتی، کاتێک هاوڕێ سەردانی کردوون، هەر لە سەرەتاوە پێداگیرییان لەسەر پشکنینی DNA کردووە. پشکنینی یەکەم لە سلێمانی کراوە و دەرکەوتووە کە هیچ پەیوەندییەکی خوێنیان نییە.
سەبارەت بەو پشکنینەی کە هاوڕێ لە بەغدا کردبووی و بانگەشەی دەکرد 100٪ پەیوەندییەکەی سەلماندووە، محەممەد فەتاح گوتی، "ئەو نووسراوەی کوردەوان لە بەغدا هێنابووی، ساختە بوو. دوای بەدواداچوونی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، دەرکەوت ژمارەی نووسراوەکە هی مۆڵەتی دایکایەتیی ژنێک بووە لە فەرمانگەکە."
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی نهێنیدا کە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2023 دەرچووە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ پشتگیری لە راستی و دروستیی راپۆرتەکەی هاوڕێ ناکات. هەروەها راپۆرتی تاقیگەی دادپزیشکیی هەولێر لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 بە روونی دەیسەلمێنێت کە ئەگەری باوکایەتیی مەحموود فەتاح بۆ هاوڕێ ئەنوەر 0٪ـە و هیچ پلەیەکی خزمایەتی لەنێوانیاندا نییە.
محەممەد فەتاح ئاماژەی بەوەشکرد، "کوڕەکەی ئێمە کە ونبووە لەدایکبووی 1983ـە، بەڵام کوردەوان لەدایکبووی 1986ـە."
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، زانیاریی نوێی لە (بەرپرسیار) لەسەر رابردووی هاوڕێ ئاشکرا کرد و گوتی، "ناوی راستەقینەی "وەلید"ـە و لە خانەی بێسەرپەرشتانی بەغدا لەلایەن خێزانێکی کەرکووکییەوە لەخۆگیراوە."
لوقمان عەبدولقادر بانگەشەیەکی سەیرتر دەخاتەڕوو و لە زاری مامی ئەو خێزانەوە "کوردەوان" دەیگێڕێتەوە، "زەوییەکمان هەبوو، ویستمان بیفرۆشین و نەماندەویست ئەو بە بابەتەکە بزانێت، بۆیە بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکەین، ئەو چیرۆکەمان بۆ دروستکرد."
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هاوڕێ منداڵی کیمیابارانی هەڵەبجە نییە، ئەگەر شتێک بێت، رەنگە منداڵێکی ئەنفالی دەوروبەری هەڵەبجە بێت."
دادگای باری کەسێتیی هەڵەبجە لە 26ـی تشرینی دووەمی 2023، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە فەرمییەکان و نێگەتیڤ دەرچوونی پشکنینەکانی DNA، داواکەی هاوڕێ ئەنوەر عەسکەری بۆ سەلماندنی "نەسەب" رەتکردووەتەوە و بەمەش دۆسیەکە لەڕووی یاساییەوە بەتەواوی داخرا.


