رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەکی رووناکی لە شاری هەولێر گلەیی لە بڕانی ئاوی خواردنەوە دەکەن و دەڵێن، "نزیکەی هەفتەیەکە ئاویان بەسەردا دابەش نەکراوە." بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش رایدەگەیێنێت، کێشەی دوو بیر لەو گەڕەکە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی نۆرەی ئاویان بووە و کێشەکە بەرەو چارەسەر دەچێت.
محەممەد سەعدی، دانیشتوویەکی گەڕەکی رووناکی (نزیک فلکەی زراعە)، لە رێگەی بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە رایگەیاند، نزیکەی هەفتەیەکە ئاو بۆ کۆڵانەکەیان بەرنەدراوەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر رۆژ نا رۆژێک ئاویان هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کەمئاوییەوە لەم گەرمایەی هاویندا تووشی زەحمەتی بوونەتەوە و ناچار بوون ئاو بکڕن.
تیمەکان خەریکی چاککردنەوەی بیرەکانن
لە بەرامبەردا، ئەندازیار رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاشکرای کرد، "لەو گەڕەکە دوو بیر هەن هاوینان وەک پاڵپشتی بۆ تۆڕی ئاو بەکار دەهێنرێن، ماتۆڕی بیری ژمارە 1 و 4 سووتابوون. تیمەکانمان توانیویانە کێشەی بیری ژمارە 4 چارەسەر بکەن و کاریش لەسەر چاککردنەوەی کێشەی بیری ژمارە 1 دەکرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، گەڕەکەکە کێشەی سەرەکیی ئاوی نییە و تەنیا لەبەر وەرزی هاوین ئەو دوو بیرە کاریان پێ دەکرێت تاوەکو دابەشکردنی ئاو بەردەوام بێت. ئەو گوتی، "بەهۆی سووتانی ماتۆڕی ئەو 2 بیرە بۆ چەند رۆژێک دابەشکردنی ئاو دواکەوتبوو، بەڵام لە دوێنێوە بەشێکی ئاسایی بووەتەوە و بەزوویی بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە تاوەکو چیدیکە هاونیشتمانییان لەم قۆناخەدا بێ ئاو نەمێننەوە."


