رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە لە بەشێکی شارەوانییەکان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 4000 فەرمانبەری سنووری شاوێس، مەلا ئۆمەر و پیرزین هیچ پارچە زەوییەکیان وەرنەگرتووە. سەرۆکی شارەوانیی مەلا ئۆمەریش رایدەگەیێنێت، نەبوونی زەویی گونجاو هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پرۆسەکەیە.
فەرمانبەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی نیشتەجێی سنووری شاوێس و مەلا ئۆمەر، لە رێگەی بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە نیگەرانیی خۆیان لە دواکەوتنی دابەشکردنی زەوی دەربڕی. فەرمانبەرێک کە زیاتر لە 25 ساڵ خزمەتی هەیە، بە رووداوی گوت، "لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەی وەک کەسنەزان، بنەسڵاوە، بەحرکە و سۆران زەوی دابەش کراوە، بەڵام بۆ سنووری ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ زەوییەک دیاری نەکراوە و هیچ روونکردنەوەیەکیشمان پێ نەدراوە."
کێشەکە نەبوونی زەوییە
بەختیار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی مەلا ئۆمەر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە سنووری ئێمە کە شاوێس، مەلا ئۆمەر و پیرزین دەگرێتەوە، نزیکەی 4000 فەرمانبەر شایستەی وەرگرتنی زەوین، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەی سەرەکی نەبوونی زەویی تەرخانکراو بووە."
سەرۆکی شارەوانیی مەلا ئۆمەر روونی کردەوە، ئێستا وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر سەرقاڵی چارەسەرکردنی رێکارە یاسایی و خاوەندارێتییەکانن (کوژانەوە و ئیفراز) بۆ تەرخانکردنی زەویی گونجاو کە شایستەی فەرمانبەران بێت.
بەپێی گوتەی سەرۆکی شارەوانی، شوێنێک لە نزیک گەزنە و قەزای بەحرکە پێشنیاز کراوە و لەم قۆناخەدا خەریکی هەڵسەنگاندنین. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکە کاتی پێویستە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو مانگی 10ـی ئەم ساڵ، زەویی پێویست تەرخان بکرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت تاوەکو چیدیکە دڵەڕاوکێیان نەمێنێت و خزمەتگوزارییەکان بگەنە لووتکە.


