رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ، گلەیی لە دواکەوتنی پرۆژەی قیرتاوکردن و دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کۆڵانەکانیاندا دەکەن و داوای بەدواداچوون دەکەن. سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێش رایدەگەیێنێت، نەبوونی بودجەی پێویست هۆکاری ئەوەیە چەند کۆڵانێک ماون و لە داهاتوودا قیرتاو دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، سەلام سەلاح، دانیشتوویەکی گەڕەکی نەورۆزی ئاکرێ لە رێگەی بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 20 ساڵە لەو گەڕەکە کۆنەی ئاکرێ نیشتەجێن، بەڵام سەرەڕای قیرتاوکردنی زۆربەی گەڕەکەکە، بەشێک لە کۆڵانەکان پشتگوێ خراون و نە قیریان بۆ کراوە و نە ئاوەڕۆ.
لە بەرامبەردا، بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی، "لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، ئەو بودجەیەی دیاریکرابوو بەشی هەمووی نەکردووە، بەوهۆیەوە نزیکەی 9 کۆڵان و شوێنی بچووک ماونەتەوە کە قیرتاو نەکراون."
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئەوەشی روون کردەوە، راگرتنی پرۆژەکە لەو کۆڵانانە بە ئەنقەست نەبووە و تەنیا پەیوەندی بە نەبوونی بودجەی پێویست و تەواوبوونی تەرخانکراوی دارایی پرۆژەکەوە هەبووە لەم قۆناخەدا.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکەش، بڵند زێباری بەڵێنیدا کە لەگەڵ تەرخانکردنی هەر بودجەیەک بۆیان، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنی ئەو کۆڵانانەی ماونەتەوە دەستپێبکەنەوە تاوەکو چیدیکە دانیشتووانی ناوچەکە مەینەتی نەکێشن و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوانیش بگەیێندرێتە لووتکە.


