رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجەکەی ناحیەی کۆکسی سەر بە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دوای 7 رۆژ دۆزرایەوە. بەگوتەی پۆلیس، خێزانەکەی گومانیان لە مردنەکەی هەیە و سکاڵایان لەسەر چەند کەسێک تۆمارکردووە.
گەنجەکە ناوی توانا وەلی، تەمەن 21 ساڵ و کارەکەی شوان بوو.
سۆران محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 01:20 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوای حەوت رۆژ گەڕان و لێکۆڵینەوە، تیمەکانمان بە هاوبەشی لەگەڵ بەرگریی شارستانیی گەرمیان توانییان تەرمی توانا وەلی بدۆزنەوە."
بەگوتەی خێزانەکەی بۆ پۆلیسی گەرمیان، دوایین جار کە کوڕەکەیان بینیوە مەڕوماڵاتەکەی لە ماڵ بردووەتە دەرەوە و دواتر تەنیا مەڕوماڵاتەکەیان دۆزیوەتەوە کە لەسەر چەمی نزیک گوندەکەیان بوون.
سۆران محەممەد روونیکردەوە کەسوکاری توانا وەلی کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ خێزانێکی دیکە هەبووە کە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر توانایان بە تۆمەتی کوشتنی کوڕەکەیان تۆمەتبارکردبوو.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەمبارەیەوە رایگەیاند، "کەسوکاری گەنجەکە سکاڵایان لەسەر چەند کەسێکی ئەو خێزانە تۆمارکردووە کە گومان دەکەن کوڕەکەیانی کوشتبێت."
بەگوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەنێو سکاڵالێکراواندا ئەفسەرێکی پۆلیسیشی تێدایە.
سۆران محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکە بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کراوە و سکاڵالێکراوانیش دەستگیرکراون و دەبرێنە دادگا.

