رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەڕێوەبەرانیان بۆ رووداو، گەشت لە رێگەی فرۆکەخانەکانی هەولێر،کەرکووک و سلێمانییەوە بەردەوامن، بەڵام 12 گەشت بۆ هەولێر و گەشتێک بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی فڕۆکەخانە ئاساییە و گەشتەکان لە کاتی خۆیاندا دەکرێن."
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی فڕۆکەخانەکە، ئەمڕۆ لەکۆی 25 گەشت، 12یان هەڵوەشاونەتەوە.
ئەحمەد هۆشیار لەم بارەیەوە گوتی، هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتە ئاسمانییانە لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بووە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە گەشتەکانیان راگرتن.
ئەحمەد هۆشیار گوتی، "جگە لەو هێڵە ئاسمانییانەی لە چەند رۆژی رابردوو گەشتەکانیان راگرت، هیچ هێڵێکی دیکەی ئاسمانی گەشتەکانی رانەگرتووە و ئاسمانی هەولێریش کراوەیە."
ئەوەی کە پەیوەندی بە سلێمانییەوە هەیە، رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەک گەشت هەڵوەشاوەتەوە، کە گەشتی ئیستەنبووڵ – سلێمانییە، چونکە گەشتەکە هی هێڵی ئاسمانیی ئەی جێتە و تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە گەشتەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستپێنەکردووەتەوە."
بە گوتەی رێباز محەممەد، گەشتەکانی مەدینە، دەوحە، بەغداد وعەممان لە کاتی خۆیاندا دەکرێن.
هاوکات هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، "گەشتەکان لەرێگەی دوو هێڵی ئاسمانیی عێراقی و فلای ئەربیلەوە بەردەوامن."
بە گوتەی هەردی سەمەد، دۆخی فرۆکەخانە و کەرکووک ئاساییە و ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوویش گاریگەریی لەسەر گەشتەکان نەبووە.
بەهۆی دەستپێکردنەوەی جەنگی ئەمریکا و ئێران و هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان راگرت.
لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەو هێڵە ئاسمانییانەی گەشتەکانیان لە هەرێمی کوردستان راگرتووە، ژمارەی گەشتەکانمان زیاد کردووە."
بە گوتەی لاوەند مەمووندی، ژمارەی گەشتەکان لە 18 گەشت لە هەفتەیەکدا زیادکراوە بۆ 28 گەشت لە هەفتەیەکدا.



