رووداو دیجیتاڵ
بەداوداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەریدەخات کە نزیکەی 79٪ـی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان نییە.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵە، دوو هەزار و 292 حەوزی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام تەنیا 480 پڕۆژەیان مۆڵەتیان هەیە و هەزار و 812ەکەی دیکەیان بێ مۆڵەتن. ساڵانە لەم حەوزانەدا زیاتر لە 37 هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرێ، کە بەشە هەرە زۆرەکەی (نزیکەی 26 هەزار تۆن)ی لە حەوزە بێ مۆڵەتەکانەوە دێت.
حەوزە بێ مۆڵەتەکان
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی نەبوونی مۆڵەت ئەوەیە، زۆربەی ئەم خاوەن حەوزانە زێدەڕۆییان کردووە، بە جۆرێک لەسەر زەویی کشتوکاڵی یانیش لەسەر رووبار بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون، بۆیە لە رووی یاساییەوە ناتوانن مۆڵەت وەربگرن."
بەڵام خاوەن حەوزەکان قسەیەکی دیکەیان هەیە. یونس کۆسرەت، خاوەن حەوزی ماسی لە تەقتەق لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "رێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەت زۆر زەحمەتن، لەبەرئەوە خەڵک خۆی لێیان لادەدات. بۆ نموونە، لە سنووری تەقتەق تەنیا یەک حەوزی مۆڵەتدار هەیە."
بەشی زۆری پڕۆژەکان هەمیشە چاودێرییان پێویستە. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (فاو)، چین گەورەترین بەرهەمهێنەری ماسییە لە جیهاندا کە ساڵانە زیاتر لە 75 ملیۆن تۆن ماسی بەرهەمدێنێت. حەوزەکانی ماسی لەو وڵاتە لەژێر چاودێری وردی حکومەتدان، بە جۆرێک کە بە گوتەی خاوەن پڕۆژەکان، مانگانە چاودێرەکان سەردانی حەوزەکان دەکەن و نموونە لە ماسییەکان وەردەگرن بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە خاوێنی ئاوی حەوزەکان و کواڵیتی ئالیکەکانیان.
ئامانج جەواد و سامان عومەر، دوو خاوەن حەوزی بێ مۆڵەتن لە قەزای تەقتەق، بە رووداویان راگەیاند، لەو کاتەوەی حەوزەکەیان داناوە، یەک جاریش کەس بە مەبەستی چاودێرییان سەردانی نەکردوون.
بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی دان بەوەدادەنێت کە تەنیا چاودێریی ئەو 480 پڕۆژە خاوەن مۆڵەتە دەکەن، بەڵام دەڵێ، ئەگەر هاووڵاتییان لەبارەی پێدانی خواردنی خراپ بە ماسییەکان ئاگاداریان بکەنەوە، ئەوا لێکۆڵینەوە دەکەن و سزای سەرپێچیکاران دەدەن.
بەڵام بەشێک لە خاوەن حەوزە مۆڵەتدارەکانیش باس لە کەمی چاودێریی حەوزەکانیان دەکەن. توێنەر لوقمان، خاوەن حەوزێکی بە مۆڵەتە لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی و بە رووداوی گوت: "هەموو رێکارە یاساییەکانم جێبەجێکردووە و سێ ساڵە مۆڵەتی فەرمیم لە وەزارەت وەرگرتووە. سەرەڕای ئەوەی ساڵانە پارەی چاودێری دەدەمە بەڕێوەبەرایەتییەکە، تاوەکو ئێستا هیچ چاودێرێک سەردانی حەوزەکانمی نەکردووە."
ساخکردنەوەی ماسی لە هەرێمی کوردستان
ئەو ماسییەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێ، لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە. ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی دەستی کەوتووە، دەریدەخات کە تەنیا 57%ی بەرهەمەکە لە نێوخۆ ساخ دەکرێتەوە. رابەر محەممەد دەڵێ، حکومەت هاوکاریی خاوەن حەوزەکان دەکات، بەو جۆرەی کە بۆ 6 مانگ (لە مانگی تەممووزەوە تاوەکو کۆتایی ساڵ) هاوردەکردنی ماسی لە دەرەوە قەدەخە دەکات تاوەکو ماسیی نێوخۆ ساخبکرێتەوە.
خاوەن ماسییەکان چاویان لەوەیە، بازاڕی عێراق بۆ بەرهەمەکەیان بە تەواوی کراوە بێ تاوەکو بتوانن ماسییەکەیان لەوێ ساخ بکەنەوە، بەڵام ئەویش دوو ئاستەنگی نییە.
یەکەم: تەنیا حەوزە مۆڵەتدارەکان مافیان هەیە ماسی رەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکەن، چونکە بڕوانامەی تەندروستییان پێدەدرێ.
دووەم: ئاستەنگ لەبەردەم ئەو کەسانەیە کە مۆڵەتیان هەیە و لەو بارەیەوە توێنەر لوقمان گوتی، "هەرچەندە مۆڵەتی فەرمیم هەیە، بەڵام ماسی هەناردە ناکەم بۆ عێراق، چونکە لە بازگەکان گرفتم بۆ دروست دەبێ و گومرگی زۆرم لێ وەردەگرن."
دڵشێر رەحیم، خاوەن حەوزێکی دیکەی مۆڵەتدارە و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە گوندی گۆپاڵی سەر بە پارێزگای هەولێر هەیە، لەو بارەیەوە گوتی، "بەهۆی زۆری گومرگ و بیانووی بازگەکان، زۆر بە کەمی ماسی هەناردەی عێراق دەکەم."
سەبارەت بە کێشەی گومرگ و بازگەکان، رزگار حەمد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەرگرتنی باج و گومرگ لە بازگەکان کارێکی نایاساییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لە خاوەن حەوزەکان ئێمەیان لە بابەتی لەو شێوەیە ئاگادارنەکردووەتەوە. ئێمە بە نووسراوی فەرمی بەدواداچوون دەکەین و گرفتەکە چارەسەر دەکەین."
بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک
بەخێوکردنی ماسی تێچوویەکی زۆری دەوێ، بە جۆرێک ئامادەکردنی حەوزێکی 3 هەزار ماسی زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری تێدەچێت و 6 بۆ 7 مانگیشی دەوێ تاوەکو ماسییەکان گەورە دەبن. خاوەن حەوزەکان بۆ رووداویان روون کردەوە، بەهۆی گرانیی ئالیک و هەرزانیی نرخی ماسییەوە زەرەر دەکەن و هەندێکیان ئەم ساڵ وازیان هێناوە و حەوزەکانیان بە کرێ داوە.
حکومەت نرخی کیلۆیەک ماسی لەنێوان 3500 بۆ 4500 دینار دیاریکردووە. سامان عومەر لە تەقتەقەوە بە رووداوی گوت، "مارکێت و فرۆشیارەکان بەو نرخە کەمە لێمان دەکڕن، بەڵام خۆیان لە بازاڕ بە 6 بۆ 7 هەزار دینار دەیفرۆشنەوە و لە چێشتخانەکانیش کیلۆی دەگاتە 12 هەزار دینار."
خاوەن حەوزەکان دەڵێن، بەراورد بە پار نرخی ئالیک نزیکەی 100 هەزار بۆ هەر تۆنێک گران بووە و نرخی تۆنێک ئالیکی باشیش دەگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار.
توێنەر لوقمان و یونس کۆسرەت بۆچوونیان وایە هۆکاری سەرەکیی زەرەرەکانیان کەمی نرخی ماسییە و دەڵێن، "نرخی ئێستای ماسییەکی باش و پێگەیشتوو بەرامبەرە بە نرخی ماسییەکی نەخۆشی ساڵانی رابردوو، ئەگەر بە زیاتر لە 5 هەزار دینار بیفرۆشین، قەرەبووی گرانیی ئالیکەکە دەکاتەوە."
ئاماری حەوزەکانی ماسی لە پارێزگاکان
- سلێمانی و هەڵەبجە: 998 پڕۆژە کە زیاتر لە 22 هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنن.
- هەولێر: هەزار و 143 پڕۆژە کە نزیکەی 13 هەزار و 400 تۆن بەرهەمیان هەیە.
- دهۆک: 151 پڕۆژە و زیاتر لە 2300 تۆن بەرهەمیان هەیە.



