رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنی پارێزگای نەینەوا پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی تاوتوێ دەکات. لە کاتێکدا فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگاکە دەڵێن، هیچ هێرشێک لە سنوورەکەیانەوە نەکراوە، پەرلەمانتارێکی نەینەوا دەڵێ: "هێرشەکان لە پشت قەزای حەزەرەوە کراون."
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای نەینەوا بە سەرۆکایەتیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەچوو. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی ئەو هێرشە درۆنییانە بوو دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە و بەشداربووی کۆبوونەوەکە بوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کردنە ئامانجی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا. فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان رایانگەیاند کە بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەو پرسە کردووە و دوپاتیان کردەوە کە لە سنووری پارێزگای نەینەواوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."
لە بەرامبەردا شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا (فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان)، زانیاری جیاواز دەخاتەڕوو.
شێروان دووبەردانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زانیاریمان لەبەردەستە کە لە پشت قەزای حەزەر لە پارێزگای نەینەواوە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."
دووبەردانی ئاماژەی بە گۆڕینی شوێنی هێرشەکان کرد و گوتی: "پێشتر هێرشەکان لە سنووری دەشتی نەینەواوە دەکرانە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمجارە لە دەشتی نەینەواوە نەبووە، بەڵکو لە پشت قەزای حەزەرەوە هێرشە درۆنییەکان ئەنجامدراون."
ئەوە لەکاتێکدایە، رێبەری ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە لە پشت ئەو هێرشانەوەیە لە ناوخۆی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم دواییانە چەندجارێک لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.



