رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەی شکارتەی سەر بە ناحیەی بێتواتە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، دووپشک بە منداڵێکی کچی تەمەن 4 ساڵان دەدات و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
تەها محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و سەرەتا ئەو منداڵە گەیێندراوەتە بنکەی فریاگوزاریی حاجیاوا و لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەها محەممەد، دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ ئەو منداڵە لە بنکەی فریاگوزاریی حاجیاوا، دایک و باوکی گواستوویانەتەوە بنکەی فریاگوزاریی رانیە و دوای نزیکەی کاژێرێک، لەوێشەوە گواستوویانەتەوە بۆ هەولێر.
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، منداڵەکە پێش ئەوەی بگەیێندرێتە هەولێر، لە رێگە گیانی لەدەستداوە.
منداڵەکە ناوی (لیڤا عومەر) و تەمەنی 4 ساڵ بوو.



