رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، گرێبەستی هەموو ئەو مامۆستایانە نوێ دەکرێتەوە کە بە شێوەی گرێبەست لە زانکۆ و پەیمانگاکان کاردەکەن و مووچەیشیان لە 400 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوو ملیۆن دینار.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "3335 مامۆستای گرێبەستمان هەیە کە لە مانگەکانی نۆ و 10 گرێبەستەکانیان بەپێی رێنمایی وەزارەتی دارایی نوێ دەکرێتەوە. ئەم ساڵیش گرێبەستی هەموویان نوێ دەکرێتەوە."
سەبارەت بە وەرگرتنی مامۆستای گرێبەستی نوێ، توانا نەجەف ئاماژەی بەوە کرد کە جارێ دیار نییە و بڕیاری لێ نەدراوە، بەڵام باسی لەوە کرد، "پاریش هەموو ئەوانەی هەبوون گرێبەستیان بۆ نوێ کرایەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی باسی لە رێکارەکان کرد و گوتی، "دوای ئەوەی رێکارەکان دەستیان پێکرد، نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە دەکەین و بەپێی رێنماییەکان گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە."
توانا نەجەف گوتی، مووچەیان بەپێی رێنماییەکانە و لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 2 ملیۆن دینار.
ساڵی 2024 زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی وانەبێژ بوون، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرانە گرێبەست.




