ئامادەکردنی: محەممەد خالس
رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پرۆژەی ئاوی ئاکرێ بەردەوامە و 80٪ی کارەکانی تەواوبووە. بەرێوەبەری ئاوی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، لە 10 مانگی داهاتوودا پرۆژەکە تەواو دەبێت و زیاتر لە 60 شارۆچکە، گوند و گەڕەک لە کێشەی کەمئاوی رزگاریان دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " ئەم پرۆژەیە لە کۆتایی ساڵی 2012 دەستیپێکرد، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستا. لە ساڵی 2017 و دوای نەمانی جەنگ دەستپێکرایەوە. دواتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ستافی کۆمپانیا جێبەجێکار کە کۆمپانیایەکی ئێرانییە گەڕانەوە و ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی کارەکان بۆ ماوەی یەک بۆ دوو ساڵ."
لەبارەی گوژمەی پارەکەی، زرار ئەحمەد گوتی: "119 ملیار دینارە و تاوەکو ئێستا 68 ملیاری لێ خەرجکراوە. لەسەر کاغەز رێژەی جێبەجێکردن 65٪ بۆ 70٪یە، بەڵام لەکرداردا نزیکەی 80٪ی کارەکان تەواوبوون، چونکە کارە سەخت و گرنگەکان جێبەجێکراون. ئەوەی ماوەتەوە تەنیا دابینکردنی کەرەستە و ئامێرەکانە، ئەوەش هۆکاری هێواشبوونەوەی بەرەوپێشچوونی پرۆژەکەیە."
ئەم پرۆژەیە، کێشەی کەمئاویی ناوەندی ئاکرێ، ناحیەی بجیل و 19 گوندی دەوروبەری و 47 گەڕەکی ناو قەزاکە چارەسەر دەکات.
زرار ئەحمەد گوتی: "کۆبوونەوەیەك لەگەڵ لێژنەی باڵای وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە و بڕیارە لە 10 مانگی داهاتوودا پرۆژەکە تەواو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش مانگانە بڕی 2 بۆ 2.5 ملیار دینار خەرج دەکرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ ئاماژەی بە رێگرییەکانی بەردەم کۆمپانییەکە کرد و رایگەیاند: "رەوشی نالەبار و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران بووەتە هۆی دوودڵی و سستبوونی کارەکانی ستافی کۆمپانیاکە. هەرچەندە کارکردن نەوەستاوە، بەڵام هاوشێوەی پلانی ئەندازیاری و خواست و چاوەڕوانییەکانمان بەڕێوە ناچێت."
زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، لەبارەی رەوشی ئێستای ئاوی ناوچەکە گوتی: "ساڵانێکە سەنتەری قەزای ئاکرێ و دەوروبەری رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە و پشتیان بە کانی، بیر و ئاوی سەرزەوی بەستووە. ئەگەرچی بەهۆی بارانبارینی ئەم ساڵ رەوشی ئاوەکە باشتربووە، بەڵام بۆ ئەو گوندانەی ئاویان پێنەگەیشتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تانکەر ئاوی بۆ دابین کردوون."


