رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) ئاماری هێرشە درۆنییەکانی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێ، کۆیە و شارباژێر بە شەش درۆن کراونەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، بڵاوکراوەتەوە، دوێنێ لەنێوان کاژێر 12:35 بۆ 14:00، بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر شاری کۆیە و دەوروبەری.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش کاژێر 05:20 بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەر ناوچەی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی.
سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشانە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

