رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕان بە دوای چارەنووسیدا، لە نزیک ناحیەی
جەبارە تەرمی ئەو پۆلیسەی گەرمیان دۆزرایەوە، کە لە دوێنێوە بێسەروشوێن بوو.
ئەفسەرێکی پۆلیس لە ناوچەکە ئەمڕۆ سێشەممە
28-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پۆلیسێکی نەوت و گاز کە دانیشتووی
سنووری قەزای کفرییە لە ئیدارەی گەرمیان، دوای ئەوەی دوێنێ لە ناحیەی جەبارە بێسەروشوێن
بوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نزیک گوندێکی ئەو ناحیەیە دۆزرایەوە
ئەو شوێنەی تەرمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، ناوچەیەکی
کێشەلەسەرە و لە رووی کارگێڕییەوە دەکەوێتە سنووری قەزای قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە.
سەرچاوە ئەمنییەکە گوتی: "نازاندرێت ئەو پۆلیسە
بۆچی چووەتە ئەو سنوورە، ئەوەی هەیە سەرەتا ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە، دوای چەند
کاژێرێکیش تەرمەکەی دۆزرایەوە کە کوژراوە".
پۆلیسەکە ناوی زێدان محەممەدە و لە کێڵگەی نەوتی
حەسیرە، لە سنووری ناحیەی سەرقەڵا لە قەزای کفری دەوامی کردووە.
بەگوێرەی ئەوەی شوێنی تاوانەکە لە رووی کارگێڕییەوە
سەر بە حکومەتی عێراقە، پۆلیسی ناوچەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە
و تاوەکو ئێستاش تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.


