رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ژنێکی خەڵکی کەلار لەلایەن هاوژینی پێشووی لە چەمی تازەدێ کوژرا. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، بکوژەکە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بکوژەکە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە و پاش ئەوەی تاوانەکەی کردووە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە."
بکوژەکە دانیشتووی ناحیەی رزگارییە و هاوژینی پێشووی کوژراوەکەیە، بە گوێرەی زانیارییەکان 3 منداڵی لە ژنەکە هەبووە.
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکەوە سۆران محەممەد گوتی، "نزیک کاژێر 09:00ـی شەوی رابردوو، بکوژەکە چووە بە دوای هاوسەری پێشوویدا لە کەلار و لەگەڵ خۆی بردوویەتییە سەر چەمی تازەدێی رووباری سیروان، دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە بە چەقۆ ژنەکەی کوشتووە و لەوێ بەجێی هێشتووە."
سۆران محەممەد روونیکردەوە، رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ی شەوی رابردوو روویداوە. کاژێر 11:30 بکوژ چووەتە بنکەی پۆلیس و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان و پۆلیسیی تاوانکاری چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان رەوانەی دادپزیشکی کردووە.
سۆران محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، بکوژەکە چەند رۆژێک بوو دەوامی نەدەکرد.


