رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نزیکەی 400 هەزار دیناری تێدەچێت، 303 هەزار دینار تێچووی راهێنانە لە نووسینگەکانی راهێنانی شۆفێران وەردەگیرێت. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، بەبێ راهێنان مۆڵەتی شۆفێری بە کەس نادرێت.
هاونیشتمانییان گلەیی دەکەن لە زۆریی تێچووی مۆڵەتی شۆفێری. هاوژین ساڵح، قوتابیی کۆلێژە و بە رووداوی گوت، "بەنیازم مۆڵەتی شۆفێری وەربگرم. دەتوانم بە باشی ئۆتۆمبێل لێبخوڕم، بەڵام دەبێت خولی راهێنان ببینم، کە تێچووەکەی زۆرە."
خولی راهێنان مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری
موقەدەم هێمن سکتانی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "رسوماتی مۆڵەتی شۆفێری تەنیا 65 هەزار دینارە، بەو مەرجەی هاووڵاتی دەبێت لە یەکێک لە نووسینگەکانی فێرکاری راهێنانی شۆفێریی کردبێت."
خاوەنی نووسینگەیەکی فێربوونی شۆفێری بە رووداوی گوت، "ئەو هاونیشتمانییانەی سەردانمان دەکەن بۆ مەبەستی مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری، 12 کاژێر راهێنانی تیۆری و 21 کاژێر راهێنانی پراکتیکی دەکەن، لە بەرامبەردا 303 هەزار دینار لە کەسی فێرخواز وەردەگرین."


