رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە درۆن بارەگایەکیان لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر هێرشی کراوەتە سەر.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ 28ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 12:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە لانیکەم بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر بارەگاکانمان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری خەلیفان".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، درۆنێک بەر بارەگایەکیان کەوتووە و خاپووری کردووە. درۆنەکانی دیکەش لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
ئەمجەد حوسێن پەناهی دەڵێت، جگە لە زیانی مادی بە بارەگایەکیان، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.



