رووداو دیجیتاڵ
کار بۆ گواستنەوەی دۆسیەی نۆ هەزار پێشمەرگەی خانەنشین دەکرێت کە لە ساڵی 2013ـەوە مووچەکانیان لەسەر یەکەی 70ـیە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، ئامانج ئەوەیە دۆسیەکانیان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی، تاوەکو هاوشێوەی خانەنشینانی دیکە مووچەکانیان لە بەغداوە بۆ بێت.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا یەکەی 70 و 80 نەماون و گۆڕدراون بۆ دەڤەری یەک و دوو، ئەو دەڤەرانەش تەنیا ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لە ئەرکدان نەک خانەنشینان، بۆیە پێویستە رێکارەکان تەواو بکرێن."
بە گوتەی فەتحوڵڵا عومەر، تاوەکو ئێستا وەزیری پێشمەرگە و وەزیری دارایی واژۆیان لەسەر گواستنەوەی دۆسیەی ئەو نۆ هەزار پێشمەرگەیە کردووە و تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە.
ئەو 9000 پێشمەرگەیە سەر بە (یەکەی 70)ن. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی، "ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە مووچەی مانگی 6ـیان وەرگرتووە، بەڵام بە نووسراوی فەرمی داوا لە حکومەت کراوە رێکارەکان کۆتایی پێ بهێنرێن و بڕیاری کۆتایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بدرێت."
ئێستا زیاتر لە 200 هەزار خانەنشینی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەن کە مووچەکانیان لە بەغداوە بۆ دێت و هیچ کێشەیەکی وەرگرتنی مووچەیان نییە.
بە تەواوبوونی رێکارەکانی ئەم نۆ هەزار پێشمەرگەیەش، دۆسیەی خانەنشینییان لە یەکەی سەربازییەوە بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و داراییەکان دەگوازرێتەوە.




