رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کەمئەندامان لە قەزای بەردەڕەش دەڵێن، نزیکەی چوار ساڵە کۆڵانەکانیان هەڵکەندراون و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری تێیاندا پەکیکەوتووە. بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزاکەش دەڵێت، بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەی داراییەوە پڕۆژەکان راگیراون.
هۆشیار محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە دەنگی هاونیشتمانییانی گەڕەکەکەی گەیاند و رایگەیاند، "لە گەڕەکەکەمان کە نزیکەی 7 کۆڵان دەبێت و زۆربەی دانیشتووانەکەی کەمئەندام و بەساڵاچوون، نزیکەی چوار ساڵە رێگەوبانەکان تێکدراون و کراونەتە قوڕ و چڵپاو."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، خراپیی رێگەکان مەترسیی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە و گوتی، "بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و قوڕ، چەندین منداڵ و کەسی بەساڵاچوو کەوتوون و دەست و قاچیان شکاوە." دەشڵێت، بەهۆی تەواونەکردنی ئاوەڕۆکان، ئاوی پیس دەڕژێتە بەر دەرگای ماڵەکان و هاتوچۆیان پەکیکەوتووە.
بۆتان شەمسەدین، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، هۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە.
بۆتان شەمسەدین گوتی، "راوەستانی پڕۆژەکە تەنیا ئەو گەڕەکەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو چەند گەڕەکێکی دیکەش بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەی دارایی بۆ کۆمپانیاکان، پڕۆژەکانیان راوەستاوە."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی بەردەڕەش گوتی، قایمقامی قەزاکە لەگەڵ پارێزگاری دهۆک لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی پێشینەی دارایی خەرج بکرێت و کۆمپانیاکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە، تاوەکو کۆتایی بەو ئاستەنگییەی دانیشتووانی ناوچەکە بهێندرێت.



