رووداو دیجیتاڵ
ماوەی دوو هەفتەیە بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی چنار (شورتاوە) لە شاری هەولێر کێشەی بێ ئاوییان هەیە. هاونیشتمانییانی گەڕەکەکە دەڵێن، بەهۆی بێ ئاوییەوە هەندێک خێزان ماڵەکانیان چۆڵ کردووە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، کێشەکە تەکنیکییە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەر کردنین.
عومەر بابان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 50 ماڵ لەم گەڕەکەداین و لە ساڵی 2018وە کێشەی ئاومان هەیە. پار پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری جێبەجێ کرا، بەڵام ئێمە سوودمەند نەبووین و ئێستا زیاتر لە 14 رۆژە لیترێک ئاومان بۆ نەهاتووە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، بێ ئاوییەکە بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون، "هەموو ماڵەکان ناچارین ئاو بکڕین، تەنانەت هەندێک خێزان بەهۆی بێ ئاوییەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و چوونەتە ماڵی کەسوکاریان."
بە گوتەی عومەر، هۆکاری کێشەکە گواستنەوەی هێڵی ئاوی گەڕەکەکەیانە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لەبارەی کێشەی ئەو گەڕەکە کێشەکەی پشتڕاست کردەوە؛ بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستەنگەکە تەنیا لە یەک کۆڵانی ئەو گەڕەکەدا هەیە.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رووداوی گوت، "کێشەیەکی بچووکی تەکنیکی لەسەر هێڵەکە هەیە کە پەیوەندی بە پێچی بۆڕییەکانەوە هەیە لەو شوێنە. تیمەکانمان ئێستا لەوێن و خەریکی چاککردنەوەین."
رابەر حوسێن مژدەی بە دانیشتووانی ئەو کۆڵانەدا و رایگەیاند، "ئەگەر کارەکان وەک پلان بۆی دانراوە بڕوات و ئەمڕۆ تەواو بێت، هەر ئەمڕۆ ئاو بۆ دانیشتووانی ئەو کۆڵانە دەگەڕێتەوە."



